ڤیدیۆ؛ هەزاران هاندەری ئامەد سپۆر بە ئاڵای کوردستانەوە پاڵپشتیی یانەکەیان کرد

26-09-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هاندەرانی ئامەد سپۆر یانەی ئامەد سپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەزاران هاندەری یانەی ئامەد سپۆری باکووری کوردستان، بە ئاڵای کوردستان و گوتنەوەی بژی بژی کوردستان چوونە یاریگە و پاڵپشتیی یانەکەیان کرد، لەو یارییەدا کە بەرامبەر بورساسپۆر ئەنجامیاندا.
 
یانەی ئامەدسپۆر لە خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا، میوانداریی یانەی بورساسپۆری کرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێ بردەوە.
 
یارییەکە لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا بەڕێوەچوو و یاریزانان محەممەد عەلائەددینیئۆغڵو و مەنسور چاڵار لە خولەکەکانی 31 و 50 تۆڕی یانەی بورسا سپۆریان هەژاند.
 
ئامەد سپۆر بەبردنەوەی ئەم یارییە سەرکەوت بۆ پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکە و 9 خاڵی کۆکردووەتەوە.
 
لە ماوەی رابردوو بەهۆی رێگریکردن لە ئامادەبوونی هاندەرانی ئامەدسپۆر لە یارییەکانی یانەکەیاندا، هاندەران گردبوونەوەی جیاوازیان ئەنجامدا و ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە بەرپرسانی تورکیا و تۆپی پێی ئەو وڵاتە و ئەمەیان بە زوڵم لە هاندەران و یانەی ئامەد سپۆر لێکدایەوە، بۆیە چوار کاژێر بەر لە ئەنجامدانی ئەم یارییە هاندەرانی یانەکە چوونە بەردەم یاریگە و چاوەڕێی کردنەوەی دەرگای یاریگەیان دەکرد بۆ ئەوەی بچنە نێو یاریگە و پاڵپشتیی یانەکەی باکووری کوردستان بکەن.
 
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر کە پارتێکی سیاسییە و لەسەر بنچینەی دژەکۆچبەری دامەزراوە، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، تویتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "نابێت هیچ یاریزانێکی بورساسپۆر لووتیشی برینداربێت، لەنێو یاریگەدا دوور بکەونەوە لە تووندوتیژی، تۆپی پێ وەرزشە و دەبێ هەر وەکو وەرزش بمێنێتەوە." 
 
بەشێک لە هاندەرانی بورساسپۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گلەییان کردووە و نووسیویانە کە ئەوان رێگەیان پێ نەدراوە تەنانەت دراوی کانزاییش لەگەڵ خۆیان ببەنە نێو یاریگە، کەچی هاندەرانی ئامەدسپۆر ئاڵای کوردستانیان بردووە. ئەمە جگە لەوەی چەندین پەیجی تورکە تووندئاژۆکان "ئەوانەی لە رووی نەتەوەییەوە دەمارگیرن"، هاندەرانی ئامەد تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن، ئەوان هەوڵی دابەشکردنی تورکیایان داوە. لە وەڵامدا بەشێک لە کوردانی باکوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان، وێنەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دادەنێن کە لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ بە ئاڵای کوردستان پێشوازییان لێکراوە. 
 
یاریی نێوان بورسا و ئامەد زۆربەی جار تووندوتیژیی لێدەکەوێتەوە، هاندەرانی بورسە و هاندەرانی ئامەد هوتاف لە دژی یەکدی دەڵێنەوە. بە جۆرێک زۆربەی جار دۆخەکە بە جۆرێک هەڵکشان بەخۆوە دەبینێت کە هاندەران زیان بە یاریزانانیش دەگەیێنن و لێیان دەدەن. 
 
ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکردنی یارییەکە، بەشێک لە هاندەرانی ئامەدسپۆر ئاڵای کوردستانیان شەکاندەوە و بەشێکیشیان بە یەکپۆشی هاتنە یاریگە و تیشێرتەکانیان وێنەی قازی محەممەد و ژینا ئەمینیی لەسەر چاپکرابوو، ئەمە هاندەرانی بورسەی تووڕەکرد، هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ئاڵای کوردستان کاردانەوە و هەڕەشەی تورکە تووندئاژۆکانی بەدوای خۆیدا هێنا.


 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە