دوا ساتەکانی چاڤی هێرناندێز لە یانەی بارسێلۆنا

26-05-2015
رووداو وەرزشی
رووداو
رووداو
نیشانەکردن چاڤی
A+ A-

کردنەوەی دەرگایەک، رەنگە داخستنی دەرگاکانی دیکەی بەدواوە بێ، ئەم رێگای چاڤی دەیگرێتە بەر لەوانەیە دواین جار بێ کە بە ئامانجێکەوە روو لەکەمپی لێس کۆرت دەکات.

بارسێلۆنا لە دوایین یاری خۆیدا میوانداری یانەی دیپۆرتۆ لاکەرۆنیا دەکات، یارییەک کە سوودێکی ئەوتۆ بە بارسا نابەخشێت، جگە لە ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوی لیگا، بەڵام ئەوەی کە فرمێسک لە چاوی لاوە کەتەلۆنییەکاندا قەتیس دەکات، لەدەستدانی یاریزانێک، یانیش هەر هیچ نەبێ بڵێین ئەفسانەیەک لەو هەرێمەی کە وەرزش بە  سەروەرییەکانی تیپی یەکەمی بارسێلۆنا بەجیهانی ناساندن.

ئەوانەی کە لێرەن و بەدرێسێک یان هاشتاگێک پشتگیری خۆیان بۆ چاڤی دەردەبرن، رەنگە زۆربەیان هەست بەو خەمە نەکەن کە ساڵێکی دیکە کەسێک نییە بەناوی هێرناندێزەوە درێسی ژمارە شەشی بلاوگرانا بپۆشێ، چونکە هەموویان کەتەلۆنی نین و زۆرینەیان گەشتیارن.

چاڤی کون بە کونی ئەم باڵەخانەیە شارەزاییە، 24 ساڵ خزمەتکردن لە یەک جێگادا ئاسان نییە، ئەو وەک ماڵی خۆی لێرە دەڕوانێ، گەر بۆ ئەوانەی دیکە ماڵی دووەم بووبێ، بۆ یاریزانانی وەک چاڤی ئینیێستا ماڵی یەکەم و دووەمیشە.

یەکەم جێگا کە سەردانی دەکات، چیشتخانەی یارگەکەیە، چونکە ئەو پێش هەموو یاریزانەکان دێتە ئێرە، بە جۆرێک کە هێستا دەستپێکردنی یارییەکە زیاتر لە پێنچ کاژێری ماوە.

ساڵانی رابردوو پێش ئەوەی باس لە کارامەیی و سەرکەوتنەکانی لیۆنێڵ میسی ئارجێنتینایی و هەڵگری چوار باڵۆندۆر بکرایە، پێش تەواو کردنی قسەکان راستەوخۆ دەیان گوت چاڤی و ئینیێستا، زۆرێکیش پێیان وایە پێگەیشتنی  مێسی بەسەر پشتی ئەو دووانەدا بوو کە باس کران، بەڵام لە کۆتاییدا کلیلی ماڵەکە دەدرێتە دەست مێسی و ئەمساڵ بارسا چاڤی لەدەست دەدا و رەنگە ساڵێکی دیکەش ئینێستا ئەوانەی دیکەش بەدوایدا، بەڵام پرسیارە گەورەکە لێرەدایە، کەسێک هەیە جێگای ئەو یاریزانە بگرێتەوە کە 17 ساڵە لاماسیای جێهێشتووە و بووەتە بەشێک لە پلانی زۆرێک لە راهێنەرەکانی بارسێلۆنا؟


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە