ڤیدیۆ؛ پورتوگال 2 خاڵی دیكه‌ و رۆناڵدۆی له‌ده‌ستدا

26-03-2019
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ر نه‌فره‌تی پاڵه‌وانبوون كه‌وتبێت، هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگالی هه‌ڵگری نازناوی یۆرۆ له‌ دووه‌م یاری خۆیدا له‌ پاڵاوتنه‌كانی یۆرۆی 2020 جارێكی دیكه‌ نه‌یتوانی براوه‌ بێت، كاتێك له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی به‌ ئه‌نجامی گۆڵێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی سربیا یه‌كسانبوو.

هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال، كه‌ له‌ یاری یه‌كه‌میشدا به‌ بێ گۆڵ له‌گه‌ڵ ئۆكراینا یه‌كسانبوو و 2 خاڵی له‌ده‌ستدا، ئه‌مجاره‌ش 2 خاڵی دیكه‌ و كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ و كاپتنیشی له‌ده‌ستدا، كه‌ له‌ خوله‌كی 28دا تووشی پێكان بوو.




دۆسان تادیچ، له‌ خوله‌كی 7دا، به‌ لێدانی سزا گۆڵی یه‌كه‌می بۆ سربیا تۆماركرد. دوای ته‌نیا دوو خوله‌ك ئه‌وه‌نده‌ نه‌مابوو رۆناڵدۆ گۆڵی یه‌كسانبوون تۆماربكات، به‌ڵام گۆڵپارێزی سربیا لێدانه‌ به‌هێزه‌كه‌ی كریسی دوورخسته‌وه‌. له‌ خوله‌كی 24یشدا جارێكی دیكه‌ رۆناڵدۆ نزیكبوو له‌ تۆماركردنی گۆڵی یه‌كسانبوون، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش گۆڵپارێز و به‌رگریكارانی سربیا نه‌یانهێشت ئه‌وه‌ بۆ پورتوگال و رۆناڵدۆ بێته‌دی.

دوای 4 خوله‌كی دیكه‌، ئه‌وه‌ روویدا كه‌ نه‌ پورتوگال و نه‌ یوڤێنتوس و ته‌نانه‌ت هه‌موو هه‌وادارانی تۆپی پێش نه‌یانده‌ویست رووبدات، كاتێك رۆناڵدۆ تووشی پێكان بوو، و خۆی داوایكرد بیگۆڕن. به‌ڵام ده‌رچوونی كریس وای له‌ هاوڕێكانی نه‌كرد خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر هێرشه‌كانیان تاوه‌كو دانیلۆ پێرێرا له‌ خوله‌كی 42دا لێدانێكی مووشه‌كئاسای ئاراسته‌ی گۆڵی سربیا كرد و گۆڵی یه‌كسانبوونی بۆ پورتوگال تۆماركرد و گێمی یه‌كه‌م به‌ یه‌كسانبوون كۆتاییهات.



له‌ گێمی دووه‌مدا، هه‌ردوو تیپ ساردنه‌بوونه‌وه‌و به‌رده‌وام هێرشیان ده‌گۆڕییه‌وه‌، هه‌لی گۆڵكردنیش بۆ هه‌ردووكیان ره‌خسا، به‌ڵام نه‌یانتوانی گۆڵی دیكه‌ بكه‌ن، گێمی دووه‌م و یارییه‌كه‌ به‌ هه‌مان ئه‌نجامی گێمی یه‌كه‌م كۆتاییهاتن.

ئێستا پورتوگال به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 2 خاڵ پله‌ی سێیه‌می گرووپی دووه‌می گرتووه‌، كه‌ ئۆكراینا به‌ 4 خاڵ پێشه‌نگی گرووپه‌كه‌یه‌ و لوكسمبۆرگیش به‌ 3 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌مدایه‌.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە