ئارتێتا وەڵامی یانەکانی پرێمەرلیگ دەداتەوە: من قوتابیی جۆزێ مۆرینیۆم

25-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن میکێل ئارتێتا پرێمەرلیگ جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە بەرامبەر ئەو رەخنە و هێرشانەی لەلایەن یانەکانی پرێمەرلیگەوە کرانە سەر شێوازی یاریکردنی تیپەکەی، بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی، میکێل ئارتێتا گوتی، من قوتابیی جۆزێ مۆرینیۆم.
 
ئارسیناڵ لەگەڵ مانچێستەر سیتی بە دوو گۆڵ یەکسانبوو، دوای یارییەکە رەخنەی زۆر لە شێوازی بەرگری و پاشەکشەی تیپەکەی ئارتێتا گیرا. یانەکانی ئینگلتەرا دواتر رەخنەیان لە شێوازی جێبەجێکردنی تۆپە جێگیرەکانی یانەکە گرت، کە بەهۆیەوە چەندین گۆڵی تۆمارکردووە.
 
ئارسیناڵ لە تۆپە جێگیرەکان، تاکتیکێکی نوێ بەکاردەهێنێت کە بەتاکتیکی 'پیس' ناودەبرێت، یاریزانەکانی هەوڵدەدەن بەرکەوتن و گوشاریان بۆ سەر یاریزانانی تیپی بەرامبەر هەبێت لەکاتی تۆپە جێگیرەکاندا، تاوەکو دووچاری هەڵە و پەرتبوونی مێشکیان بکەن و سەرقاڵیان بکەن بە ململانێی جەستەییەوە.
 
جۆن ستۆنز، بەرگریکەری مانچێستەر سیتی، دوای یارییەکە گوتی، یاریزانانی ئارسیناڵ هونەری پیس بەکاردەهێنن.
 
لە وەڵامی ئەو رەخنە و تۆمەتبارکردنانەدا، میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یاریی بۆڵتۆن لە جامی کاراباو کەپ گوتی، "من لەژێر کاریگەریی زۆری مۆرینیۆدام، پێموایە دەبێ ئەوە فێرببی کە راهێنەرە گەورەکان چۆن سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و نهێنی سەرکەوتنەکانیان چییە.
 
ئارتێتا وەک یاریزان لەژێر سەرپەرشتی ئارسن ڤینگەری راهێنەری فەرەنسیدا یارییکردووە. هونەری مەشقدانیش لە پێپ گواردیۆلاوە فێر بووە.
 
لە یارییەکەی سیتی و ئارسیناڵدا، تووندوتیژی یاریزانانی ئارسیناڵ بووە هۆکاری پێکرانی رۆدری یاریزانی مانچێستەر سیتی و بەناچاری یاریگەی بەجێهێشت.
 
ئارتێتا هەروەها بێباکانە وەڵامی تۆمەتبارکردنەکان دەداتەوە و دەڵێ، "هەموو کات راستییەکانم بەلاوە گرنگترە لە قسە و لێکدانەوەی جیاواز، من پێشتریش گوتوومە، هەمیشە بەشوێن راستییەکاندا دەگەڕێم، لەبەرئەوە لێگەڕێن با بزانین کێ بۆ یاریی داهاتوومان ئامادە دەبێت".
 
ئارسیناڵ لەگەڵ میکێل ئارتێتا لە وەرزێکی دیکەی پرێمەرلیگدا هەوڵی بەدەستهێنانەوەی نازناوی خولەکە دەدات، پاشئەوەی لە دوو وەرزی رابردوودا تاوەکو دوایین هەفتەکان رکابەرییەکی تووندی لەسەر نازناوەکە کرد، بەڵام نەیتوانی بەدەستی بهێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە