یاریزانێكی پێشووی لالیگا مافیا ده‌رچوو

25-03-2019
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو ـ هەولێر 

پۆلیسی كۆلۆمبیا رایگه‌یاند، یاریزانێكی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی كۆلۆمبیا و یانه‌ی ریال سۆسیدادی ئیسپانی ده‌ستبه‌سه‌ركردووه‌، به‌ تۆمه‌تی گواستنه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ بۆ مه‌كسیك و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.

ماڵپه‌ڕی نۆتیسیاس كاراكۆل، له‌و باره‌وه‌ رایگه‌یاند جۆن ڤیافارای یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی كۆلۆمبیا و یانه‌ی ریال سۆسیدادی ئیسپانی، ده‌ستی له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی مافیا تێكه‌ڵكردووه‌ كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ چه‌ندین تاوانی كوشتن". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "ئه‌و رێكخراوه‌ پسپۆره‌ له‌ بردن و به‌ قاچاخبردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆ وڵاتانی دیكه‌".



پۆلیسی كۆلۆمبیا، هه‌روه‌ها گوتی "ده‌سته‌ڵاتدارانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا داوای ئه‌و یاریزانه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌مریكا دادگایی بكرێت، به‌و پێیه‌ی سه‌دان كیلۆگرام له‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی بۆ ئه‌مریكا ناردووه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریدا مانگانه‌ خۆی و هاوڕێكانی 28 ملیۆن دۆلاریان ده‌ستكه‌وتووه‌.


جۆن ڤیافارا، هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "من بێبه‌ریم له‌ هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ده‌درێنه‌ پاڵ من، راسته‌ من هاوڕێی زۆرم هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندییه‌كه‌م به‌و كاره‌ نایاساییانه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌یكه‌ن".



ڤیافارا، كه‌ له‌ ساڵی 2004 نازناوی جامی لیپه‌رتادۆریسی بردووه‌ته‌وه‌، رووبه‌ڕووی سزایه‌كی زۆر قورس ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی به‌سه‌ردا ساغ بوونه‌وه‌.


ئه‌و یاریزانه‌ كۆلۆمبییه‌، بێجگه‌ له‌ یانه‌ی ریال سۆسیدادی ئیسپانی، یاری بۆ دوو یانه‌ی ئینگلیزیش كردووه‌، ئه‌وانیش پرۆتسمۆس و ساوسهامبتۆنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە