راهێنەری ئیتاڵیا پلەیستەیشن لە یاریزانەکانی قەدەخە دەکات

25-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لوچیانۆ سپالێتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هۆشداری تووند دەداتە یاریزانەکانی و دەڵێت "دەبێت پلەیستەیشنەکانتان لە ماڵەوە بەجێبهێڵن".

وەرزی رابردوو راهێنەرە ئیتاڵییەکە کاتێکی ناوازەی لەگەڵ ناپۆلی بەڕێکرد و توانی دوای 33 ساڵ، نازناوی خولی ئیتاڵی بۆ ئەو یانەیە بەدەستبهێنێت، دواتر وەک راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتیمانی وڵاتەکەی دەستبەکاربوو. 
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی گازێتا دێلۆ سپۆرت، سپالێتی هۆشداری تووند دەداتە یاریزانەکانی و دەڵێت "هەندێک یاریزان لەوانەیە وابیریان کردبێتەوە کە سپالێتی دەوەڕێت، بەڵام گاز ناگرێت، بابزانن کە ئەوان هەڵەن و ئێستا هەندێک شت هەن کە دەبێت لای هەمووان روونبن، لە ئێستاوە دەبێت یاریزانەکان پلەیستەیشنەکانیان لە ماڵەوە بەجێبهێڵن و نابێت چیدیکە لەگەڵ خۆیان بیهێنن."
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە زیاتر دەڵێت "من یارییەک بۆ ئەوان ئامادە دەکەم بۆ ئەوەی شەوانە خۆیان پێوەی سەرقاڵ بکەن. ئەگەر ئەو ئەرکانەی ماڵەوە کە رۆژانە پێیان دەدەم بەس نەبێت، ئەوا دەتوانم ئەرکی شەوانیشیان پێبسپێرم. لە هەڵبژاردەی نیشتیمانیدا دەبێت سەرنجت لێرە بێت و خەریکی کاری دیکە نەبیت."
 
سپالێتی دواتر باس لە ئامانجەکانی هەڵبژاردەکەی دەکات و دەڵێت "دەبێت هەڵبژاردەیەکی بەهێز ئامادەبکەم، من لە هیچ شتێک رازی نیم. دەمەوێت نازناوی یۆرۆ و دواتر مۆندیالیش بەدەستبهێنم. ئەو قسانەی بۆ تیپەکەم دەکەم، ئەوانەن کە هەموو ئیتاڵییەکان چاوەڕێی دەکەن. ئێمە بۆ بردنەوە دەچینە ئەڵمانیا نەوەک بۆ بەشداریکردن. بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەین، دەبێت یاریزانەکان لە ئێستا باشتربن."
 
پاشان راهێنەرەکەی هەڵبژاردەی ئیتاڵییەکە دەڵێت "من دەمەوێت کەمپی هەڵبژاردەکە چاکبکەمەوە و نەریتە کۆنەکان نەهێڵم، ئەگەر تازەگەری ئەوە بێت کە تاوەکو کاژێر چواری بەیانی خەریکی پلەیستەیشن بیت لە کاتێکدا رۆژی دواتر یاریت هەیە، ئەوا ئەو تازەگەرییە شتێکی باش نییە. "
 
سپالێتی زیاتر دەڵێت "منداڵی ئەمڕۆ زیاتر حەزدەکەن قژیان دابهێنن و وێنەیەک لە ئینستاگرام پۆست بکەن لە جیاتی ئەوەی سەریان دانەوێنن و کار بکەن، ئیتاڵیاکەم نابێت ئەم بەهایانەی تێدابێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە