لێدوانێکی چاوەڕواننەکراو لە کاپێلۆوە لەبارەی شوێنگرەوەی مێسی و رۆناڵدۆ

25-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فابیۆ کاپێلۆ، راهێنەری بەنێوبانگی ئیتاڵی و پێشووی پێشووی یانەی ریال مەدرید، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی مارکا ئەو یانانە دیاری دەکات کە بەربژێرن بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ و دوو یاریزان دەستنیشاندەکات کە پێیوایە شوێن پێی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەون.
 
کاپێلۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا کام یانە بەربژێرە بۆ ئەوەی چامپیۆنزلیگ بباتەوە؟ دەڵێت "بە دڵنیاییەوە ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی، سیتی ئێستا دیبرۆینی بۆ گەڕاوەتەوە، کە ئەوە ئەو یاریزانەیە لە یانەکەدا جیاوازی درووستدەکات. هالاند کاتێک جیاوازی درووستدەکات کە گۆڵ دەکات، بەڵام دیبرۆین لە قورسترین کاتەکاندا دەتوانێت هەلی گۆڵکردن درووستبکات تەنانەت ئەگەر گۆڵیش تۆمار نەکات."
 
دواتر راهێنەرە ئیتاڵییەکە باس لەو دوو یاریزانە دەکات کە پێیوایە شوێنی مێسی و رۆناڵدۆ دەکەون و دەڵێت "پێموایە ئەو دوو یاریزانەی هاوشێوەی مێسی و رۆناڵدۆ رکابەری دەکەن، ئێمباپێ و بێلینگهامن."
 
کاپێلۆ پاشان ئەو دوو ئەستێرەیە بەراورد دەکات بە ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی و دەڵێت "ئەو دوو یاریزانە لە رووی تەکنیکییەوە لە هالاند باشترن. ئێرلینگ لە رووی هێرشبردنەوە وەک ئاژەڵ وایە و گۆڵکارە، باشترین یاریزانی ژمارە نۆیە، بەڵام ئێمباپێ و بێلینگام هەموو لێهاتووییەکیان هەیە وەک گۆڵکردن و یاریزان بڕین."
 
راهێنەرەکەی پێشووی ریال مەدرید لە نێوان ئێمباپێ و هالاند، ئەو یاریزانە هەڵدەبژێرێت کە پێیوایە زیاتر بۆ یانەکەی پێشووی گونجاوە و دەڵێت "ئێمباپێ هێرشبەری چەق نییە، ئەو زیاتر حەز دەکات لە باڵ یاری بکات. ریال مەدرید ڤینیسیۆس جونیۆری لەو شوێنەدا هەیە و هێرشبەری ناوەڕاستی نییە، بۆیە پێموایە ئەوان زیاتر پێویستیان بە هالاندە، بەڵام لە رووی تەکنیکییەوە ئێمباپێ لە ‌هالاند باشترە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە