نیمار گرنگترین یاریزانى بارسا ده‌بێت

24-08-2015
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن نیمار
A+ A-

هه‌وراز كاوه‌
له‌وه‌ته‌ى ئه‌و چووه‌ته‌ بارسێلۆنا، یانه‌كه‌ زیاتر له‌ رووى ته‌كنیكه‌وه‌ جووڵه‌ى خێراتری هه‌یه‌، وه‌ك چۆن بڵێى مێسی و نیمار هه‌موو ناكۆكییه‌كانى ئه‌رجه‌نتین و به‌رازیلیان وه‌لا نابێ و له‌سه‌ر هه‌موو شێوازه‌كانى یاری رێككه‌وتبن. 

به‌ده‌گمه‌ن مێسی ده‌بینى دوایین تۆپه‌كان ببه‌خشێته‌ هاوه‌ڵه‌كانى، له‌به‌رئه‌وه‌ى كێچه‌كه‌ زۆر زیاتر و زووتر له‌وان خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ تیپى دژ و ته‌نیاو ته‌نیا خۆى ئاماده‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر تۆڕى گۆڵ، به‌ڵام كاتێك نیمارى هونه‌رزان و كارزان هاته‌ یانه‌كه‌، تا ئه‌ندازیه‌ك سنوورى گۆڵه‌كانى مێسی و تاكڕه‌وى له‌ تۆپه‌كانى ئه‌و یاریزانه‌دا كه‌م بووه‌وه‌. زۆر یاری یانه‌ى بلوگرانامان بینیوه‌ ته‌نیا مێسی پێویستى به‌ ئاڵوگۆڕێكى تۆپه‌كه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ته‌نیا هه‌ناسه‌یه‌ك بدات و جارێكى دیكه‌ تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڵه‌كه‌دا توندبكات، ئه‌وه‌ش پێویستى به‌ یاریزانێكى هه‌مه‌چه‌شنه‌ى خۆى هه‌یه‌، سووك و تێژڕه‌و، نه‌ترس و خێرا، بۆ ئه‌وه‌ى تۆپه‌كه‌ بخاته‌وه‌ به‌ر پێى.

گرنگى نیمار بۆ یانه‌ى بارسێلۆنا له‌وه‌دایه‌، ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ هێشتا لاوه‌، له‌ سه‌ره‌تاى كاروانى ڕێگادایه‌، كه‌چى ئه‌وه‌ندش زیره‌كه‌ به‌وه‌ى چۆن شوێنى دیاریكراوى كوشنده‌ ده‌ستنیشان بكات، بۆ چوونه‌ناوه‌وه‌و تێپه‌ڕكردنى یاریزانه‌كانى به‌رامبه‌ر. ئه‌گه‌ر به‌وردى سه‌یرى نیمار بكه‌ین، ئه‌و ده‌توانێت له‌ كه‌مترین كاتدا زۆرترین سوڕانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌رگریكارانى تیپى دژ ئه‌نجامبدات، هه‌روه‌ها تاكه‌ یاریزانه‌ له‌ یاری كلاسیكۆدا له‌ پێشى رۆناڵدۆ و مێسییه‌وه‌. له‌ كاتى هه‌ر تۆپێكى یه‌ك و دوودا به‌ كه‌مترین چركه‌ جێگاى خۆى ده‌گۆڕێت و رووبه‌رێكى به‌رفراون جنگ ده‌خات و به‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ تۆپه‌كه‌دا به‌رامبه‌ر گۆڵپارێز ده‌مێنێته‌وه‌. 

هه‌میشه‌ سه‌یرى نیمار بكه‌ن زۆرترین جار به‌پێچه‌وانه‌ى یاریزانه‌كانى دیكه‌وه‌یه‌، كاتێك تۆپه‌كه‌ى پێده‌درێت دێته‌ پێشه‌وه‌، دواتر تۆپه‌كه‌ ده‌جوڵێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها كه‌م یاریزان له‌ هه‌ردوو یانه‌ى بارسا و ریال به‌رچاوده‌كه‌ون هێنده‌ى ئه‌و له‌ ناوه‌وه‌ى سه‌نته‌رى یاریگه‌ و ناوه‌ندى به‌رگرى تیپى به‌رامبه‌ر گۆڕینه‌وه‌ بكات، دواتر هاوڕێكانى ناچاربكات تۆپه‌كه‌ى پێبده‌نه‌وه‌. 

كه‌م یاریزان هه‌یه‌ به‌ چه‌نشى نیمار بتوانێت به‌ تۆپه‌وه‌ بۆش به‌ یاریزانان وه‌ربگرێت، یا كه‌م یاریزان هه‌یه‌ هێنده‌ى نیمار تواناو سه‌لیقه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى سزاو له‌ قه‌ڵه‌بالخیدا به‌بێ خۆكشانه‌وه‌ به‌توندى له‌ تۆپه‌كان بدات، دواتر گۆڵى پێ تۆماربكات. ئه‌و گۆڵانه‌ش پێیده‌گوترێت "تۆپى له‌ناكاوى نا جێگیر". ته‌نانه‌ت گۆڵپارێزه‌كانیش به‌بێ هیچ جوڵه‌یه‌ك گۆڵه‌كه‌یان لێده‌كرێت، ته‌نیا ته‌ماشاكردن به‌شیان ده‌بێت.
نیمار داسیلڤا، كارزانه‌ به‌وه‌ى له‌ كاتى هه‌ڵمه‌ت بردندا چه‌ند مه‌ترێك تۆپه‌كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ى خۆیدا به‌ڕێده‌كات، له‌ كه‌مترین ماوه‌شدا ده‌یگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هه‌رگیز به‌ تۆپه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌ و راست تاو نادات، به‌ڵكو هه‌میشه‌ به‌ شێوازى مانگى (قمر)ى، ئه‌وه‌ى ئینگلیزه‌كان دایانهێنا یاریده‌كات، به‌وه‌ش كه‌مترین جار ده‌كه‌وێته‌ بۆسه‌ى تیپى به‌رامبه‌ره‌وه‌. 

له‌م وه‌رزه‌دا نیمار له‌ هه‌مووان زیاتر گرنگتره‌ بۆ بارسا، چونكه‌ یانه‌كه‌ داكشانى ستاره‌كانى به‌رده‌وامه‌و كه‌سیش نییه‌ هێنده‌ى نیمار له‌م سه‌روه‌خته‌دا، له‌ لاته‌نیشته‌كان به‌ كارزانى و لێهاتووى رووماڵى تۆپه‌كان له‌ سه‌نته‌رى ناوه‌ندى به‌رگرى دژبه‌ر بكات، كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ هه‌م خۆى زۆرجار به‌ شێوه‌كى تاكى و، هه‌م به‌ پاسى كورت و خێرا، به‌بێ له‌ ده‌ستدانى تۆپه‌كان ئه‌و بۆ شایه‌یى تیپه‌كه‌ى پڕكردووه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ بۆچوونى من وایه‌ "نیمار له‌ لالیگادا دیارترین و به‌هره‌مه‌نترین یاریزانى تیپه‌كه‌ى ده‌بێت له‌ پاڵ مێسی."


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە