دوو گورزی کوشندە بەر ریال مەدرید کەوتن

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێکانی یاریزانان تیبۆ کۆرتوا رۆدریگۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەر لە یاریی کلاسیکۆی لالیگا، کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەبچێت، یانەی ریال مەدرید دوو لە گرنگترین یاریزانەکانی لە دەستدەدات بەهۆی تووشبوونیان بەپێکان.
 
دوای یاریی ریال مەدرید و بۆرووسیا دۆرتموند لە چامپیۆنزلیگدا، کە مێرینگێ 5-2 بردییەوە، دەرکەوت کە دوو لە یاریزانە کاریگەرەکانی ریال مەدرید تووشی پێکان بوونە، تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی و رۆدریگۆی هێرشبەری بەرازیلی.
 
میدیاکانی ئیسپانیا رایانگەیاند، ریال مەدرید بەر لە یاریی کلاسیکۆی داهاتوو بەرامبەر بارسێلۆنا گورزێکی قورسی بەرکەوتووە، دوای ئەوەی پێکرانی رۆدریگۆی هێرشبەری پشتڕاستکرایەوە، کە لە یارییەکەی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند تووشی بووە. 
 
رۆدریگۆ نەیتوانی یارییەکەی بەرامبەر دۆرتموند تەواو بکات، دوای ئەوەی هەستی بە ئازارکرد لە ئەژنۆی راستی، و لە خولەکی 85 لە شوێنی ئەو چوامینی چووە نێو یاریگە.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی وەرزشیی سکای سپۆرت، لە رێگەی ئەکاونتی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس، رایگەیاند "ئەو پشکنینانەی ئەمڕۆ بۆ رۆدریگۆ ئەنجامدراون پشتڕاستیان کردووەتەوە کە یاریزانە بەرازیلییەکە ئامادە نابێت بۆ یارییەکەی ئێل کلاسیکۆ".
 
تاوەکو ئێستا ریال مەدرید هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە، سەبارەت بە قەبارەی پێکانەکە یان ماوەی پێشبینیکراو بۆ دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانە بەرازیلییەی، ئەمەش وایکردووە تا راددەیەکی زۆر پشتڕاست بکرێتەوە کە لە یارییەکەی شەممەی داهاتوودا بەرامبەر بارسێلۆنا، لە گەڕی یانزدەی لالیگادا ئامادە نابێت.
 
رۆدریگۆ لە 12 یاریی ئەم وەرزەدا 3 گۆڵی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستیشی هەیە.
 
ئەوەی هەواڵەکانی بۆ مەدرید ناخۆشترکرد، ئەوەیە کە یانەی شاهانە بەفەرمی پێکرانی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی لە ماسووولکەکانی رانیدا راگەیاند.
 
هێشتا تیمی پزیشکیی ریال مەدرید ماوەی دوورکەوتنەوەی گۆڵپارێزەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام هەندیک لە میدیاکانی ئیسپانیا دەڵێن کۆرتوا 2 بۆ 3 هەفتە دووردەکەوێتەوە و ئەویش بەشداری لە کلاسیکۆدا ناکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە