جارێكی دیكه رۆژنامه‌یه‌كى به‌ریتانى چیرۆكی ئارسناڵ و ئوسامه بن لادنی دامه‌زرێنه‌ری رێكخراوی ئه‌لقاعیده ده‌ورووژێنێته‌وه‌و باسی ئه‌و بڵاوكراوه‌یه ده‌كات كه به‌رپرسانى یانه‌ى ئارسناڵ له ساڵی 2001 بڵاویانكرده‌وه‌و تێیدا بێ ئاگایی خۆیان له‌وه نیشاندا كه بن لادن هانده‌ری یانه‌كه‌یان بووه.
ئه‌وه ناونیشانی چیرۆكێكی خه‌یاڵی زانستی نییه، به‌ڵكو شتێكی راسته‌قینه‌یه و یانه‌ی ئارسناڵی ئینگلیزی له 11ی سپتێمبه‌ری 2011 راگه‌یاندراوێكی له‌و باره‌وه ده‌ركرد، به‌ڵام چ هۆكارێك وا له یانه‌یه‌كی تۆپی پێ ده‌كات شتێكی له‌م شێوه‌یه بكات؟.
هه‌موو ده‌زانن له هێرشه‌كانی 11ی سپتێمبه‌ر له نیویۆرك چی روویداو چه‌ندین قوربانی لێكه‌وته‌وه، چۆن په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئوسامه بن لادنی سه‌رۆكی رێكخراوی ئه‌لقاعیده درێژكرا، كه ناوی له‌و ماوه‌یه‌دا له ناوی سه‌رۆكی زۆربه‌ی وڵاتان به‌ناوبانگتر بوو.
له ناوه‌ڕاستی ئه‌و ناوبانگییه‌دا به‌خێرایی چه‌ندین كتێب له باره‌ی ژیانی بن لادن بڵاوكرانه‌وه، یه‌كێكیان كتێبی نووسه‌ر ئاده‌م رۆبنسۆن بوو، كه باس له‌وه ده‌كات بن لادن هانده‌ری یانه‌ی ئارسناڵ بووه و چه‌ندین ساڵ له له‌نده‌ن ژیاوه و سه‌ری له یاریگه‌ی هایبری داوه، كه پێشتر یاریگه‌ی ئارسناڵ بوو. رۆبنسۆن هه‌ر به‌وه‌نده نه‌وه‌ستاوه به‌ڵكو ورده‌كاری زیاتری باسكردووه‌و ئاشكرایكردووه "بن لادن به‌رده‌وام له‌لایه‌كی یاریگه‌كه‌ی ناسراو به كلۆك ئاند داده‌نیشت، كه یه‌كێكه له‌و شوێنانه‌ی یاریگه‌كه، كه جه‌ماوه‌ر حه‌زیان لێیده‌كرد". نووسه‌ر دووپاتیشی ده‌كاته‌وه "بن لادن به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئاماده‌ی دوو یاری یانه‌كه له جامی جامه‌كانی ئه‌وروپا بووه له وه‌رزی 1993 ـ 1994، یه‌كه‌میان به‌رامبه‌ر تۆرینۆی ئیتاڵی له چاره‌كی كۆتایی و دووه‌میشیان به‌رامبه‌ر پاریس سانجێرمانی فه‌ره‌نسی له نیوه‌ی كۆتایی بوو".
هه‌ر ئه‌وه‌نده نییه، بن لادن چووه‌ته شاری كۆبنهاگن بۆ ئاماده‌بوون له یاری كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه له نێوان ئارسناڵ و پارمای ئیتاڵی، كه ئارسناڵ یارییه‌كه‌ی به تاكه گۆڵی ئالان سمیس برده‌وه. دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه به‌شێك له هانده‌ره بچووكه‌كانی ئارسناڵ به خۆشه‌ویستی بن لادن بۆ یانه‌كه‌یان له‌خۆبایی بوون و به گاڵته‌وه هوتافیان ده‌كێشا "ئوسامه ئۆه ئۆه! ئه‌و له تاڵیبانه‌وه هاتووه! ئوسامه ئۆه ئۆه! ئه‌و هانده‌ری ئارسناڵه". یانه‌كه به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو شته ناچار بوو هه‌نگاوێك بهاوێت و له 11ی سپتێمبه‌ری 2001 راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا دووپاتیكرده‌وه، بن لادن كه‌سێكی چاره‌نه‌ویسته و له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه" له رێگه‌ی رۆژنامه‌كانه‌وه زانیومانه بن لادن له یاریگه‌كانمان ئاماده ده‌بوو، به دڵنیاییه‌وه له ئاینده‌دا نابێته كه‌سێكی پێشوازی لێكراو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ