هەواڵێکی ناخۆش لەسەر ڤینیسیۆس

23-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئەرجەنتین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ترسێک هەیە ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیل نەتوانێت بەشداری لە کلاسیکۆی جیهاندا بکات، بەرامبەر ئەرجەنتین، کە یارییەکی گرنگی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوورە بۆ مۆندیالی 2026.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل یەکەم مەشقی خۆی ئەنجامدا وەک ئامادەکارییەک بۆ یارییە گرنگەکەی بەرامبەر ئەرجەنتین لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2026، کە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو لە یاریگای مۆنۆمێنتال لە ئەرجەنتین ئەنجام بدرێت. 
 
ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید بەتۆپەوە بەشداری مەشقە بەکۆمەڵەکانی نەکرد و بەجیا و بەتەنیا مەشقەکانی دەکرد.
 
لە ماوەی ئەو 15 خولەکەدا کە بەڕووی میدیاکاندا کراوە بوو، ڤینی بەجیا مەشقی دەکرد، تەنیا بەدەوری یاریگادا رایدەکرد.
 
هێرشبەرەکەی مێرێنگێ لەکاتی مەشقەکاندا بەهیچ شێوەیەک پێڵاوی تۆپی پێی لەپێ نەکرد، لەبری ئەوە پێڵاوی وەرزشیی ئاسایی لەپێکردبوو لەکاتی راکردن بەدەوری یاریگادا، کە بەیاوەری ئەندامێکی ستافی تەکنیکی بوو.
 
دۆریڤاڵ جونیۆر، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر نهێنی پشت بەرنامە تایبەتەکەی مەشقەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بدات.
 
بەڵام یاریدەدەرانی جونیۆر پێشتر ئاماژەیان بەوە کردبوو کە وەک خۆپارێزییەک باری مەشقەکانی ڤینیسیۆس رێکدەخەن، کە لەدوایین یارییدا گۆڵی بردنەوەی بەرامبەر کۆلۆمبیا تۆمارکرد و بەرازیل 2-1 یارییەکەی بردەوە.
 
بەرازیل لە پاڵاوتنەکاندا بەکۆکردنەوەی 21 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندیی گرتووە، ئەرجەنتینیش بە 28 خاڵ لە پلەی یەکەمدایە و بۆ ئەوەی لەڕووی بیرکارییەوە سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەر بکات، تەنیا پێویستی بە یەک خاڵی دیکەیە.
 
هەرچۆنێک بێت هاندەرانی بەرازیل ترسێکیان لەوە هەیە ڤینیسیۆس ئامادە نەبێت بۆ ئەو یارییە گرنگە، کە هەمیشە کلاسیکۆی جیهان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە