زێبار گه‌ردی: ئاستی تایكواندۆ له‌ كوردستاندا زۆر نزمبووه‌

23-01-2019
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
نیشانەکردن زێبار گه‌ردی تایكواندۆ كوردستان
A+ A-

رووداو – هه‌ولێر

هه‌ڤپه‌یڤین: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

زێبار سه‌باح ماوه‌ی 19 ساڵه‌ له‌ هۆڵه‌كانی تایكواندۆ ئامادەیی هه‌یه‌، ئه‌و وه‌كو یاریزانێك ساڵانێك ركابه‌ری كردووه‌ و ئێستاش یه‌كێك له‌ ناوبژیوانانی پله‌ یه‌كی كوردستانە.

زێبار له‌ هه‌یڤه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ پۆرتاڵی رووداو، سه‌باره‌ت به‌ ئاستی ئێستای یاریی تایكواندۆ له‌ كوردستان ده‌ڵێت: "بە داخەوە ئاستی یاریی تایکواندۆ زۆر بەرەو نزمبونەوە دەچێت، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پاڵه‌وانیه‌تی و خوله‌كانی پێشخستن، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌  ئێستا عێراق لە کۆی ۱۷٦وڵات لە ریزبەندی ۱۲۲مینی جیهان بێت.

ئه‌و وه‌رزشوانەی تایكواندۆ، كه‌ زیاتر به‌ زێبار گه‌ردی ناسراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات "قەیرانی دارایی گەورەترین کێشەی بۆ یاریی تایکواندۆ له‌ كوردستان دروستکرد، ئەمەش وایکرد ئاستی یارییه‌كه‌ بەرەو دواوە بچێت، هه‌ربۆیه‌ ئێستا راهێنەران خۆبەخشانە هۆڵەکانی ئه‌و یارییه‌ بەڕێوەدەبه‌ن، هیچ یانەیەك مووچە ناداتە راهێنەر، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی مانگانه‌ له‌ یاریزانانی ئاره‌زوومه‌ند وه‌رده‌گیرێت، هۆڵەکان بەڕێوەدەبرێن.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی ئێستای یاریی تایكواندۆ له‌ كوردستان، زێبار پێیوایه‌ نەبوونی پاڵه‌وانیه‌تی و خوله‌كانی پێشخستنی راهێنه‌ران و ناوبژیوانان، هه‌روه‌ها نه‌هاتنی کەسانی شارەزا لە دەرەوەی وڵات و ئاوڕنەدانەوه‌ له‌ بارودۆخی یارییه‌كه‌، وایكردووه‌ ئاستی یارییه‌كه‌ دابه‌زێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا له‌ ساڵانی رابردوودا ئاستی تایكواندۆ له‌ كوردستان زۆر به‌رز بوو.

زێبار گه‌ردی گوتی " جێگه‌ی داخە ئاستی یاریی تایکواندۆ به‌م شێوه‌یه‌ نزم ببێت، له‌ كاتێكدا تایكواندۆ یارییەکی ئۆڵمپییه‌، پێشموایه‌ بەرپرسانی وەرزشی و لیژنەی ئۆڵمپیی كوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان له‌و بارودۆخه‌ بەرپرسن.

 

 

له‌ ساڵانی رابردوودا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان تایكواندۆكارانی كوردستان و  كۆریای باشوور هه‌بوو، كه‌ ئه‌و وڵاته‌ لانكه‌ی ئه‌و یارییەیە‌.
زێبار ئاشكرای ده‌كات "ئێستاش ئەو پەیوەندییە هەرماوە، سەبارەت بە هەولێر، مامۆستا دانا ئەنوەر سەرۆکی لقی هه‌ولێری یه‌کێتیی تایکواندۆ له‌ ناوه‌ندی تایكواندۆی کۆریای باشووردا متمانەپێکراوە، کە تاقیکردنەوەی پشدێنی نێودەوڵه‌تی بۆ راهێنەران و یاریزانانی کوردستان ئه‌نجامبدات، کە ئەمەش دەستکەوتێکە بۆ تایکواندۆکارانی کوردستان.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: جێگه‌ی داخەوە دانا ئەنوەر لەسەر ئەرکی خۆی سەردانی کۆریای باشور دەکات و هیچ کەسێك یارمەتی نادات، ئەمەش جێگه‌ی پرسیارە، کە بۆچی بەرپرسانی وەرزشی هاوکاری ئەم یارییە ناکەن.

زێبار سه‌باح، جگه‌ له‌وه‌ی وه‌كو یاریزان خاوه‌نی پشدێنی رەش ۳ دانی نێودەوڵه‌تییه‌، ئێستاش ناوبژیوانه‌، ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ناوبژیوانان و راهێنه‌رانی تایكواندۆ له‌ هه‌ولێر ده‌ڵێت "لە رووی تەکنیک و هونەریی یارییه‌كه‌وه‌، ناوبژیوانان لە ئاستێکی باشدان، کە زۆربەی ناوبژیوان و راهێنەران خاوەن بڕوانامەی نێودەوڵه‌تین، بەڵام بە داخەوە لەبەر نەبوونی پشتگیری ماددی ناتوانن بچنە خول و پالەوانیەتییە نێودەوڵەتییەکان، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی تایکواندۆ لە کوردستان و زۆریش بەرەو نزمبونەوەش دەڕوا، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ زۆرترین ناوبژیوان لە ئاستی پارێزگاکانی عێراقدا له‌ پارێزگای هەولێردان .

 

 

بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی یاریی تایكواندۆ له‌ كوردستان به‌ گشتی و هه‌ولێر به‌ تایبه‌تی، زێبار گه‌ردی پێی وایه‌ "پێویسته‌ بودجەیەكی تایبەت بۆ تایکواندۆ دابین بکرێت و دروستبوونی هۆڵێكی شایسته‌ بۆ پاڵەوانیەتییەکان زۆر پێویسته‌، هه‌روه‌ها بۆ گرینگیدان بەو یارییە، دانانی کەسانی شیاو و لێهاتوو لە بەڕێوەبەرایەتییە وەرزشییەکان كارێكی گرنگه‌".

زێبار سه‌باح بۆ رووداو گوتی: "هیوادارم بەرپرسانی وەرزشیی كوردستان ئاوڕێك له‌ یاریی تایكواندۆ و یارییه‌ تاكه‌كان بده‌نه‌وه‌، چونكه‌ پاڵه‌وانانی وه‌رزشی له‌ كوردستاندا له‌ یارییه‌ تاكه‌كانن و خاوەن میدالیای زێڕن.

پرۆفایل
زێبار سه‌باح مه‌ولوود
ناوبژیوانی پله‌ یه‌كی كوردستان
19  ساڵه‌ له‌ بواری تایكواندۆ وه‌كو یاریزان و ناوبژیوان به‌رده‌وامه‌.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە