یانه‌ى ئارسناڵ ئێستا له ناوچه‌ی دابه‌زین ده‌بوو، له پریمه‌رلیگی ئینگلیزی‌دا ئه‌گه‌ر له هاوینی رابردوودا گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌لكسیس سانچێزی یاریزانى چیلی واژوو نه‌كردبا.
سانچێز، كه له بارسێلۆناوه به 30 ملیۆن پاوه‌ند چووه ئارسناڵ، هه‌رخۆی به ته‌نیا به گۆڵه‌كانی ئه‌وانه‌ی تۆماری كردوون و ئه‌وانه‌ی بۆ هاوڕێكانی دروستی كردوون، پارێزگاری له تیپه‌كه‌ی ئارسن ڤینگه‌ر كردووه ركابه‌ری بكات. هه‌رچه‌نده ئارسناڵ چاوی له زیاتر بوو، به‌ڵام له‌نگه‌رگرتن له پله‌ی شه‌شه‌م، به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ تۆماركردنی 8 گۆڵ و دروستكردنی 2 گۆڵی سانچێز ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌رنا تیپه‌كه ئێستا له پله‌ی 17 ده‌بوو به 10 خاڵ. سانچێز توانیویه‌تی به ته‌نیا 7 خاڵ بۆ تیپه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ربكات، له به‌رامبه‌ر كریستال پالاس پاسی گۆڵ تۆماركردنی دایه ئارۆن رامزی و یارییه‌كه له یه‌كسانبوونه‌وه بووه بردنه‌وه، 2 گۆڵی به‌رامبه‌ر سه‌نده‌رلاند تۆماركرد، به‌رامبه‌ر یانه‌كانی لیسته‌ر سیتی و مانچسته‌ر سیتیش گۆڵی تۆماركرد و تیپه‌كه‌ی له دۆڕان رزگاركرد، به‌رامبه‌ر هاڵ سیتی گۆڵێكی تۆماركرد و یه‌كێكیشی بۆ دانی ویلباك دروستكرد، كه گۆڵی یه‌كسان بوون بوو له دوا ساته‌كانی یارییه‌كه‌دا.
ئاستی سانچێز له هه‌ڵكشان دایه و له 14 یاری هه‌موو پاڵهوانهتییهكاندا 12 گۆڵی تۆماركردووه، پێده‌چێت ڤینگه‌ر ئه‌و گۆڵكاره‌ی دۆزیبێته‌وه كه ماوه‌یه‌كی زۆره به‌دوایدا وێڵه. ڤینگه‌ر له باره‌ی سانچێزه‌وه ده‌ڵێت "یاریزانێكی ده‌گمه‌نه، به‌رپرسیاریه‌تی له ئه‌ستۆ ده‌گرێ و تێكه‌ڵاوی خه‌ڵكی ده‌بێت، ده‌جه‌نگێت و ده‌توانێ گۆڵ تۆماربكات، ئه‌وه له یاریزانه مه‌زنه‌كان داواكراوه".
هه‌رچه‌نده درێژی باڵای سانچێز 5 پێ و 7 ئینجه، به‌ڵام بێجگه له قاچه‌كانی ده‌توانێت به سه‌ریش گۆڵ تۆماربكات، ئه‌مه‌ش له یاری بێرنلی بینرا، چۆن له نێوان دوو به‌رگریكاری باڵابه‌رزدا هه‌ڵسا و به‌سه‌ر گۆڵێكی جوانی تۆماركرد، كه دووه‌می خۆی و سێیه‌می تیپه‌كه‌ی بوو له‌و یارییه‌دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ