بایرن میونشن گه‌یشته‌وه‌ به‌ بۆروسیا دۆرتمۆند

22-10-2017
ئەڵمانیا
ئەڵمانیا
نیشانەکردن ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو -هه‌ولێر 

له‌ ئه‌ڵمانیا و له‌ ركابه‌رییه‌كانی بۆندسلیگادا، بایرن میونشن گه‌یشته‌وه‌ بۆروسیا دۆرتمۆندی ركابه‌ری سه‌رسه‌ختی و بردنه‌وه‌ی تۆماركرد، دۆرتمۆندیش سێیه‌م یارییه‌ ناتوانێت تامی بردنه‌وه‌ بكات و جارێكی دیكه‌ هه‌لی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ بایرن میونشنی له‌ ده‌ست دا، هه‌روه‌ها لایپزیگ سێ خاڵی دیكه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

بەشێک لە یارییەکانی گەڕی نۆیەمی بۆندێسلیگا بەڕێوەچوون و تێیدا دۆرتموندی پێشەنگ دوو خاڵی لەدەستدا و یانەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمیش سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

بۆروسیا دۆرتموند پێشه‌نگ، لە یاریگەی کۆمێرز بانک ئارینا رووبەڕووی  ئینتراخت فرانكفۆرت بووەوەو یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا و به‌ یه‌كسانبوون کۆتاییهات.

نوری شاهین له‌ گێمی یه‌كه‌مدا گۆڵێكی بۆ دۆرتمۆند تۆماركرد، له‌ سه‌ره‌تای گێمی دووه‌میشدا دۆرتمۆند به‌ گۆڵی دووه‌م پێشكه‌وت، كه‌ ماكسیمیلیان فیلیپ تۆماریكرد.

به‌ڵام فرانكفۆرت خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌دا، به‌ڵكو له‌ ماوه‌ی پێنج خوله‌كدا دوو گۆڵیان له‌ رێگه‌ی یاریزانان سباستیان هیله‌ر به‌ لێدانی سزا و ماریۆس وۆڵفه‌وه‌ تۆماركرد و له‌ شكست رزگاربوون.

دۆرتموند دوای چوار ساڵ یەکەمجارە یارییەک نەباتەوە کە سەرەتا بە دوو گۆڵ لە پێشەوە بێت و دووەم یاریی لەسەریەک پێنج خاڵی لەدەستدا، بەڵام به‌20 خاڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا مایه‌وه‌.

لە لای خۆیەوە یانەی بایرن میونشن، دوای ئەنجامە خراپەکانی لە سەرەتای خولەکە، شەوی رابردوو دووەم سەرکەوتنی لەژێر سەرپەرشتی یوپ هاینکس بەدەستهێنا، کاتێک بە شێوەیەکی زەحمەت لە هامبۆرگی بردەوە. 


بەم بردنەوەیش بایرن میونشن بە کۆکردنەوەی 20  لە پلەی دووەمی بۆندسلیگایە بە هاوبەشی لەگەڵ دۆرتمۆند و هەریەکەیان 20 خاڵیان هەیە، بەڵام دۆرتمۆند بە گۆڵی زیاتر لە پێشەنگە.

لە یارییەکی دیکەدا، یانەی لایپزیگ لەنێو یاریگە و هاندەرانی خۆی رووبەڕووی یانەی شتوتگارت بووەوەو یارییەکەی بە گۆڵێکی بێ وەڵام لێبردەوەو سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.

لە خولەکی 23 دا مارسیل سابیستەر تاکە گۆڵەکەی لایپزیگی تۆمارکرد و یانەکە بووە خاوەنی شەشەم بردنەوە لەم وەرزەی بۆندێسلیگا لە کۆی نۆ یارییدا.

لایپزیگ ئێستا بە 19 خاڵە لە پلەی سێیەم بە جیاوازی تەنیا خاڵێک لە دوای بایرنی دووەم و دۆرتموندی پێشەنگ.
.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە