تیپێكى كچانى (گۆڵ بۆڵ) دامه‌زرا

22-06-2013
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن گۆڵ بۆڵ
A+ A-

كارزان كانه‌بی ـ هه‌ولێر

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ئاستى یارییه‌كانى گۆڵ بۆڵ له‌ كوردستان وه‌كو پێویست نییه‌ و ساڵانه‌ ته‌نیا چه‌ند خولێك ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ یاریزانانى خاوه‌ن پێدوایستى تایبه‌ت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كوردستان تیپێكى گۆڵ بۆڵى كچان دامه‌زرا.

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستاندا و له‌سه‌ر ئاستى كچان و ژنان تیپێك له‌یارى (گۆڵ بۆڵ) دابمه‌زرێنرێت، كه‌ بۆ نابینایانه‌و له‌لایه‌ن یانه‌ى رۆژه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت دامه‌زرا. له‌ باره‌ى دامه‌زراندنى ئه‌و تیپه‌وه‌،

نه‌به‌ز محه‌ممه‌د عه‌لى راهێنه‌رى تیپى گۆڵ بۆڵى یانه‌ى رۆژ له‌ سلێمانى به‌ (رووداوى وه‌رزشى) گوت "ئێمه‌ به‌مه‌به‌ستى زیاتر گرنگیدان به‌ تواناكانى یاریزانانى خاوه‌ن پێداویستى له‌ یارى گۆڵ بۆڵ به‌باشمانزانى تیپێكى كچانه‌ دروست بكه‌ین و له‌گه‌ڵ مامۆستا پێشڕه‌و محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌و تیپه‌مان دانا، كه‌ ئێستا ئه‌ندامی نوێنه‌رایه‌تى سلێمانییه‌ له‌ پارائۆڵۆمپى كوردستان". ئه‌و زیاتر گوتى "ته‌واوى یاریزانانى تیپه‌كه‌شمان له‌ دایكبووانى ساڵانى 1991 تاوه‌كو 1998ن".

 به‌قسه‌ى ئه‌و له‌ سلێمانى لیژنه‌ى پارائۆڵۆمپى كوردستان هاوكارى ته‌واوى تیپه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت "لیژنه‌ى پارائۆڵۆمپى كوردستان هه‌رده‌م له‌ خزمه‌ت خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ته‌ له‌ سه‌رجه‌م چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان و تیپه‌ وه‌رزشییه‌كان". هه‌روه‌ها گوتیشی "له‌سه‌ر ئاستى كچان له‌ هه‌موو عێراقدا ته‌نیا یه‌ك تیپ هه‌یه‌ ئه‌ویش له‌ شارى به‌غدایه‌، نوێنه‌رایه‌تى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق ده‌كات، ئێمه‌ش به‌هیواى ئه‌وه‌ین كه‌ یاریزانانى خۆمان له‌و ئاسته‌دا بن كه‌ له‌ ریزى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق یارى بكه‌ن".

پاسى تایبه‌ت بۆ تیپه‌كه‌ ئاماده‌كراوه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ و هێنان و بردنى یاریزانه‌كان بۆ شوێنى مه‌شقكردن كه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی هۆڵى خۆی پێداون. به‌ قسه‌ى راهێنه‌ره‌كه‌ "ئێستا له‌ هه‌فته‌یه‌كدا یه‌ك رۆژ مه‌شق ده‌كه‌ن، به‌هۆى سه‌رقاڵى یاریزانه‌كان به‌ خوێند، به‌ڵام له‌ دواى تاقیكردنه‌وه‌كان هه‌فتانه‌ 3 رۆژ مه‌شق و راهێنان ئه‌نجام ده‌ده‌ین".

ئه‌م تیپه‌ له‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونییه‌وه‌ ئومێدى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت ئاستێكى زۆر باش و به‌ تواناى هه‌بێت و ببێته‌ جێگه‌ى متمانه‌ى یانه‌ى رۆژ و لیژنه‌ى پارائۆڵۆمپى كوردستان و عێراق. كه‌ یاریزانانى تیپه‌كه‌ بریتین له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (جوان مسته‌فا تۆفیق، مژده‌ ئیبراهیم ساڵح، شۆخان جه‌بار عه‌بدولڕه‌حمان، باخان جه‌بار عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ناز ره‌زا حه‌مه‌خان، چنور عه‌بدولحه‌مید عوبێد، ده‌شتى جه‌لال خدر).




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە