سێ یاریزانی ئیتالیا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ مافیا هه‌یه‌

22-05-2018
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
نیشانەکردن ئیتالیا مافیا ناپۆلی
A+ A-

رووداو - هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ سێ یاریزانی تۆپی پێی ئیتالیا له‌ باره‌گه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاته‌كه‌یان لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌ و گومانیان لێده‌كرێت په‌یوه‌ندییان به‌ مافیای ئیتالیاوه‌ هه‌بێت.

میدیاكانی ئیتالیا بڵاویانكرده‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ پێپی رێنای گۆڵپارێز، پاولۆ كه‌نه‌ڤارۆ و سالڤاتۆری ئارۆنیكا له‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی تایبه‌تی فیدراسیۆنی ئیتالیا ئاماده‌بوون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌، به‌ گومانی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ مافیاوه‌ هه‌بێت.

لقی شاری ناپۆلی له‌ پۆلیسی نه‌هێشتنی مافیا لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ستپێكردووه‌ و داواكاری گشتیی ئیتالیا جۆزیپی بیكورارۆ داوای له‌ هه‌رسێ یاریزان كردووه‌ له‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی ته‌مبێكاری ئاماده‌بن، كه‌ هێشتا كاته‌كه‌ی دیارینه‌كراوه‌.

هه‌ریه‌كه‌ له‌ پاولۆ كه‌نه‌ڤارۆ، برای بچووكی فابیۆ كه‌نه‌ڤارۆ، له‌گه‌ڵ سالڤاتۆری ئارۆنیكا پێشتر بۆ چه‌ند وه‌رزێك یارییان بۆ ناپۆلی كردووه‌، پێپی رێنای گۆڵپارێزیش تاوه‌كو ئه‌م وه‌رزه‌ له‌و یانه‌یه‌دا بووه‌ و بڕیاره‌ ئه‌م هاوینه‌ تیپه‌كه‌ جێبهێڵێت و رووبكاته‌ یانه‌ی میلان.

بڕیاره‌ هه‌رسێ یاریزان لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت ده‌رباره‌ی "په‌یوه‌ندییه‌كی گوماناوی" له‌گه‌ڵ كه‌سانێك به‌ ناوه‌كانی گابرێلی، فرانچیسكۆ و جۆزیپی ئاسپۆزیتۆ، كه‌ بران و ده‌گوترێت له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی مافیای كامۆران له‌ ناپۆلی.

رۆژنامه‌ی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتالیا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، رێنای گۆڵپارێز ئاهه‌نگێكی ماڵئاوایی له‌ یه‌كێك له‌ یانه‌كانی شه‌وانه‌ كردووه‌ له‌ ناپۆلی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ براكانی ئاسپۆزیتۆ خاوه‌نداریه‌تی ده‌كات.


هه‌روه‌ها ده‌گوترێت رێنا و كه‌نه‌ڤارۆ بلیتی خۆڕایی یارییه‌كانی ناپۆلییان به‌و كه‌سانه‌ داوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ "خزمه‌تگوزاری به‌رامبه‌ر".

لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتالیا بڕیاره‌ لێكۆلێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری یانه‌كانی ناپۆلی، ساسولۆ و پالیرمۆشدا بكه‌ن.

پاولۆ كه‌نه‌ڤارۆ ته‌مه‌نی 36 ساڵه‌ و برای بچووكی فابیۆ كه‌نه‌ڤارۆی كاپتنی پێشووی ئیتالیایه‌ و له‌ دیسێمبه‌ری رابردوو وازی له‌ یاریكردن هێنا و له‌گه‌ڵ تیمی فابیۆی برای كارده‌كات له‌ مه‌شقی یانه‌ی گوانژۆ ئێڤه‌رگراندی چینی.

پێپی رێنای گۆڵپارێزیش، تاوه‌كو ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ یانه‌ی ناپۆلی بوو، بڕیاره‌ ئه‌م هاوینه‌ رووبكاته‌ یانه‌ی میلان، كه‌ پێشتریش بۆ یانه‌كانی لیڤه‌رپوول و بایرن میونشن یاریی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی  ئیسپانیاش به‌شداریی مۆندیالی 2010 و جامی یۆرۆی 2008 و 2012ی كردووه‌.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە