تۆمارە دەنگییەکانی ناوبژیوانانی یارییەکەی نێوان ریال مەدرید و ئالمێریا بڵاودەکرێتەوە

22-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆمارە دەنگییەکانی ناوبژیوانانی یارییەکەی نێوان ریال مەدرید و ئالمێریا بڵاودەکاتەوە، دوای ئەوەی رووداوەکانی یارییەکە دەنگدانەوەیەکی زۆری درووستکرد.  
 
لە گەڕی 21ـی لالیگا، یانەی ریال مەدرید میوانداری ئالمێریای کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-2 لێبردەوە.
 
لە خولەکی 53، لە نێو هێڵی سزا تۆپ بەردەستی کەیکیی بەرگریکاری ئالمێریا دەکەوێت، هێرناندێز مایسۆی ناوبژیوانی یارییەکە ئاماژە بۆ هیچ شتێک ناکات، بەڵام هێرناندێز هێرناندێزی ناوبژیوانی ژووری ڤار داوای لێدەکات سەیری دیمەنەکە بکاتەوە. یاریزانانی ئالمێریا داوای فاوڵیان دەکرد و باسیان لەوە دەکرد کە پێش ئەوەی تۆپەکە بەر دەستی کەیکی بکەوێت، یاریزانەکە لە پشتەوە لەلایەن یاریزانێکی ریال مەدریدەوە پاڵی پێوەنراوە، بەڵام دوای سەیرکردنەوەی دیمەنەکە هێرناندێز بڕیاری هەژمارکردنی لێدانی سزای لە بەرژەوەندی یانەی شاهانەدا و جود بێلینگهام گۆڵی یەکەمی یانەکەی تۆمارکرد. 
 
ناوبژیوانی ژووری ڤار دەڵێت  "پێشنیار دەکەم بگەڕێیتەوە و جارێکی دیکە سەیری دیمەنەکە بکەیتەوە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەیت کە رەنگە تۆپەکە بەر دەستی بەرگریکارەکەی ئالمێریا کەوتبێت. هەروەها دیمەنەکەت لە گۆشەیەکی بەرزەوە پێ نیشاندەدەم بۆ ئەوەی بەباشی بیبینیت." ناوبژیوانی یارییەکەش لە وەڵامدا دەڵێت "پێرفێکت. یاریزانەکەی ئالمێریا دەستی لەلاشەی جیابووەتەوە و تۆپەکە بەدەستی دەکەوێت، لێدانی سزا هەژماردەکەم بێ ئەوەی کارتی پێبدەم."
 
لە خولەکی 61، ئالمێریا هێرشێک دەبات و لوپی دەستی بەر دەموچاوی بێلینگهام دەکەوێت، هێرناندێز مایسۆ فاوڵی هەژمارنەکرد و هێرشەکە بەردەوامبوو، ئاریباسی یاریزانی ئالمێریا گۆڵی سێیەمی یانەکەی تۆماردەکات، بەڵام ناوبژیوانی ژووری ڤار داوا لە مایسۆ دەکات سەیری دیمەنەکە بکاتەوە، دوای سەیرکردنەوەی دیمەنەکە مایسۆ بڕیاردەدات گۆڵەکە رەتبکاتەوە و فاوڵ لە بەرژەوەندی ریال مەدرید هەژماربکات. 
 
لە خولەکی 67، ڤینیسیۆس جونیۆر گۆڵی دووەمی ریال مەدرید تۆماردەکات، بەڵام مایسۆ گۆڵەکە رەتدەکاتەوە بەبیانووی ئەوەی تۆپەکە بەردەستی یاریزانەکە کەوتووە، بەڵام جارێکی دیکە ناوبژیوانی ژووری ڤار بانگی دەکات بۆ ئەوەی سەیری دیمەنەکە بکاتەوە. ناوبژیوانی ژووری ڤار دەڵێت "تۆپەکە بەر شانی ڤینیسۆس دەکەوێت" و دوای سەریکردنەوەی دیمەنەکە، هێرناندێز دەڵێت "پیرفێکت، تۆپەکە بەر شانی دەکەوێت، بۆیە گۆڵەکە کێشەی نییە، من گۆڵەکە هەژماردەکەم و هیچ فاوڵێک لە ئارادا نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە