رووداو دیجیتاڵ
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی دەرکرانی هەڵبژاردەکەی لە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا دێتە دەنگ و هۆکاری ئەو رووداوە بۆ هەڵەی ناوبژیوان دەگەڕێنێتەوە.
لە جامی ئاسیای 2023، هەڵبژاردەی عێراق وەک بەربژێری بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە نەچووبووە قەتەر، بەڵام ئاستە ناوازەکەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا و سەرکەوتنی بە پلەی یەکەم بۆ قۆناخی 16، عێراقی هێنایە ریزی پاڵێوراوانی بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام لە قۆناخی 16ـی جامەکەدا بەرامبەر ئوردن تووشی شکستێکی سەخت هات، کاتێک لە دوا خولەکەکانی یارییەکەدا دوو گۆڵی لێکرا و بە ئەنجامی 3-2 دۆڕا و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
لە یارییەکەی بەرامبەر ئوردن، رووداوی دەرکرانی ئەیمەن حوسێنی هێرشبەری عێراق بە کارتی سوور، بەهۆی ئاهەنگگێڕانەوە لە دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی هەڵبژاردەکەی، مشتومڕی زۆری نایەوە، کاساسی راهێنەر لەو بارەیەوە دەڵێت "دەرکرانی عێراق لە جامی ئاسیا هێشتا ئازارم دەدات. ئێمە بەهۆی هەڵەی ناوبژیوانەوە دەرکراین، بەڵام ئەوەی زیاتر ئازاریدام ئەوە بوو کە لە دوایین خولەکەکاندا بەرامبەر ئوردن دوو گۆڵمان لێکرا."
کاساس زیاتر دەڵێت "راستە ئێمە بەربژێر نەبووین بۆ بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام بردنەوەمان بەرامبەر ژاپۆن پاڵنەرێکی گەورەبوو بۆمان و وایلێکردین کە باوەڕمان بەخۆمان هەبێت تاوەکو قۆناخەکانی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بڕۆین، بەتایبەتی کە هەڵبژاردەکانی ئێران و کۆریای باشوور لە قۆناخەکانی سەرەتادا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە."
دواتر راهێنەرە ئیسپانییەکە باس لەو پشێوی و ئاژاوەیە دەکات کە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یاریی عێراق و ئوردن روویدا و دەڵێت "ئەو رووداوەی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا روویدا رەنگدانەوەی تەواوی میدیای عێراقی نییە، چونکە ئەوانەی ئەو کارەیان ئەنجامدا تەنیا چوار کەسبوون کە بەدوای کێشە و ئاژاوەدا دەگەڕان."
کاساس زیاتر دەڵێت "من بەرامبەر ئەو رووداوە بێدەنگیم هەڵبژارد، چونکە من نوێنەرایەتی خۆم، خێزانەکەم و وڵاتەکەم دەکەم بۆیە دەبێت بەباشترین شێوە دەرکەوم و دووربم لە هەر جۆرە تووندوتیژییەکی جەستەیی و زارەکی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ