یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بە بڕیارێک ریال مەدرید شۆک دەکات

20-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان مارتینێز مونوێرا ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی ناوبژیوانان، لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا سووربوو لەسەر پشتگیریکردن لە ناوبژیوان خوان مارتینێز مونوێرا بەرامبەر ریال مەدرید، دوای ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن یانەی شاهانەوە ئاراستەی کران، لەسەر رووداوەکانی یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ئۆساسونا.
 
یانەی ریال مەدرید سکاڵای لەسەر مارتینێز مونوێرا، ناوبژیوانی یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسونا لە یاریگەی ئێل سەدار، لەبەردەم لیژنەی دیسپلینی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆمارکرد، و ناوبژیوانەکەی بە "کەمتەرخەمی لە داڕشتنی راپۆرتی ناوبژیوان" تۆمەتبار کرد.
 
لیژنەی ناوبژیوانان لە وەڵامی تۆمەتەکانی ریال مەدرید بۆ مونوێرا، بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "لیژنەی هونەری ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەیەوێت پشتگیری تەواو و بێ مەرجی خۆی بۆ ناوبژیوانی پلەیەک، بەڕێز خوان مارتینێز مونوێرا دووپات بکاتەوە، دوای ئەو تۆمەتە نادادپەروەرانەی کە لەلایەن یانەی ریال مەدریدەوە لە سکاڵای خۆیدا درانە پاڵ ناوبژیوانەکە".
 
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەو یانەیەی پێشتر باسمان کرد ئاماژە بە زنجیرەیەک دروشمی جەماوەر دەکات کە یاریزانە ژمارە 7ـەکەی رووبەڕوویان بووتەوە، دەبێت ئەوە روون بکەینەوە کە دوای پێداچوونەوە بە تۆمارە دەنگییەکانی یارییەکە هیچ ئاماژەیەک بەرامبەر هیچ یاریزانێکی ریال مەدرید نەبیستراوە". 
 
هەروەها دەڵێت "دوای یارییەکەش نوێنەری یانەکە ناوبژیوانی لە هیچ رووداوێکی پەیوەندیدار بەو دروشمانەوە ئاگادار نەکردووەتەوە، کە بەپێی ماددەی 258 لە پەیڕەوی گشتی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، نوێنەرانی یانەکان بۆیان هەیە ناوبژیوان لە هەر رووداوێکی لەو جۆرە ئاگادار بکاتەوە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە "لیژنەی ناوبژیوانان دەیەوێت ئەوەش بەبیر هەمووان بێنێتەوە کە ناوبژیوان ناتوانێت لە راپۆرتەکەیدا هیچ رووداوێک تۆماربکات جگە لەو رووداوانەی کە پێش یارییەکە و لە کاتی یارییەکە و دوای یارییەکە لە یاریگەدا یان هەر شوێنێکی دیکە لە دامەزراوە وەرزشییەکاندا یان لە دەرەوەی یاریگەدا روویانداوە، بەمەرجێک ناوبژیوانەکە خۆی شایەتحاڵی بێت یانە ئەو رووداوانەی کە لەلایەن هەر ئەندامێکی دیکەی تیمی ناوبژیوانییەوە بینرابێت و ناوبژیوانەکەی لێئاگادارکردبێتەوە".
 
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "بەڵام یانەی ریال مەدرید ئاگاداری ئەوە نییە کە ناوبژیوانی یارییەکە، کە سەر بە لیژنەی هونەری ناوبژیوانەکانە، لە راپۆرتەکەیدا باسی ئەو رووداوە گشتییانەی کردبوو کە بە گرنگی زانیبوون، لە هەمانکاتدا ئەرکەکانی وەک بەرپرسێکی تایبەتمەند لە رووبەڕووبوونەوەی کارەکانی تووندوتیژی و رەگەزپەرستی و رق و کینە دژی بێگانەکان بەجێگەیاندووە، کە لەلایەن رێسا گشتییەکانی فیدراسیۆنەوە پێی راسپێردراون".
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، دەشڵێت "بۆ ئەوەی گومان لەم بەڵگەنامەیە نەبێت، هاوپێچ لەگەڵ ئەم بەیاننامەیە دەتوانن راپۆرتەکەی ناوبژیوان ببینن کە رۆژی یەکشەممە 17ـی ئادار، کاژێر 14:43 خولەکی دوای نیوەڕۆ پێشکێشی لیژنەی ناوبژیوانانی کردووە".
 
لە کۆتایی بەیاننامەکەی لیژنەی ناوبژیوانانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیادا هاتووە "لیژنەی هونەری ناوبژیوانان ئامادەیە بۆ سەرکردایەتیکردن، بەشداریکردن یان هاوکاریکردن لە هەر دەستپێشخەرییەک کە لەلایەن دامەزراوەی تۆپی پێوە رادەسپێردرێت بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی رەگەزپەرستی، تووندوتیژی و رق و کینە دژی بێگانەکان. ناوبژیوانان قوربانیی سەرەکی تووندوتیژیی زارەکی و جەستەیین لەنێو یاریگاکانی تۆپی پێدا، بۆیە ئەوان لە هەموو کەس پەرۆشترن بۆ نەهێشتنی ئەو کارانە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە