کەس سەر لەم پیاوە دەرناکات!

20-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیمریک لاپۆرت، یاریزانی یانەی نەسڕی سعودی دوای ئەوەی وابڵاوکرایەوە کە رەخنەی تووندی لە سعودیە گرتووە، لە لایڤێکی ئینستاگرامدا ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "ئەوە تەنیا بەهۆی هەڵە تێگەیشتنێکەوە روویداوە."
 
رۆژنامەی ئاس، هەواڵێک لەسەر یاریزانە ئیسپانییەکە بڵاودەکاتەوە و تێیدا باس لەوە دەکات کە لە هەڤپەیڤینێکدا لاپۆرت رەخنەی زۆری لە شانشینی سعودیە هەیە و لە چوونی بۆ ئەو وڵاتە پەشیمانە، بە وتەی رۆژنامەکە لاپۆرت لەبارەی چوونی بۆ سعودیە گوتویەتی "ئەوان بارودۆخەکەیان بۆ ئێمە ئاسان نەکردووە و زۆر یاریزان لە ژیانی ئێرە ناڕازین. تۆ گفتوگۆ لەسەر مەرجێک دەکەیت، دواتر کە گرێبەستەکە واژۆ دەکەیت ئەوان بە مەرجەکە رازی نابن".
 
"ئەوان بەپێی پێویست بایەخ بە ئارەزووەکانی من نادەن، من ئاسوودەنەبووم بە جێهێشتنی مانچێستەر سیتی و چوونم بۆ سعودیە، دەمەوێت بە زوویی یاریزانەکانی دیکە ببینمم ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئێرە دەرببڕن، من بێهیوایی خۆم بەرامبەر سعودیە رادەگیێنم."
 
دوابەدوای ئەوە لاپۆرت رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە و وایکرد هەر دوای چەند خولەکێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە بێتە دەنگ، یاریزانە ئیسپانییەکە لە ژێر ئەو پۆستەی هەواڵەکەی تێدا دانرابوو، هێمای "X"ـی دانا وەک ئاماژەیەک بۆ نادرووستی هەواڵەکە. 
 
دواتر لاپۆرت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڵایڤی کردەوە و باسی بابەتەکەی کرد و گوتی "رووداوەکەی ئەمڕۆ تەنیا بەهۆی هەڵە تێگەیشتنێکەوە بوو کە لە کاتی وەرگێڕانی زمانەکان روویداوە (هەڤپەیڤینەکەی بە زمانی ئیسپانی کردبوو و هەواڵەکە بە زمانی عەرەبی بڵاوکرایەوە). من لە سعودیە و یانەی نەسڕ زۆر دڵخۆشم. خەڵکی ئەم وڵاتە زۆر لەگەڵم باشن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "راستە هەندێک لەو قسانەم کردووە کە باسی دەکەن، بەڵام ئەوە لە کاتێکدابوو کە بەباشی بیرم نەدەکردەوە، هەرچۆنێک بێت وەرگێڕانی قسەکان بە هەڵە کرابوون، من لە سعودیە دڵخۆشم."
 
ئیمریک لاپۆرت، هاوینی رابردوو یانەی مانچێستەر سیتی بەجیهێشت و پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد، لەم وەرزەدا بەشداری 22 یاری کردووە و دوو گۆڵ و ئاسیستێکی هەیە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە