سوپرایز بۆ رۆجێر فێدێرێر کرا

19-11-2017
رووداو وەرزشی
0
0
نیشانەکردن تێنس رۆجێر فێدێرێر لەندەن
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رۆجێر فێدێرێر خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکە لەسەر دەستی دەیڤد گۆفینی بەلجیکی تووشی شکستبوو و لە دوایین پاڵەوانێتی تێنسی ساڵ کرایە دەرەوە، لە یاریی کۆتاییدا گەنجە بەلجیکییەکە بەرامبەر گریگۆری دیمیترۆڤی بولگاری یارییدەکات کە ئەویش سەرکەوتنی بەسەر جاک سۆکی ئەمریکی بەدەستهێنا.

هەندێکجار لێهاتووی و هێز بەسەر ئەزمووندا سەردەکەوێت، لە یاریی نێوان رۆجێر فێدێرێر و دەیڤد گۆفین ئەو روویدا، کاتێک تێنسزانە بەلجیکییەکە مایسترۆی لە دوایین پاڵەوانێتی تێنسی ساڵی کردە دەرەوە.

لە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە فێدێرێری ئەزمووندار بەرامبەر گۆفین گەنج یارییکرد، بەڵام ئەمجارە ئەزموونەکەی سەرنەکەوت و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

فێدێرێر کە پێشتر شەش جار نازناوەکەی بردووەتەوە، کۆمەڵەی یەکەمی بە ئاسانی و بە شەش دوو بردەوە.

لێرەوە بەهێزی گۆفین دەرکەوت کاتێک هەر زوو ئەنجامەکەی بە بردنەوەی کۆمەڵەی دووەم بە شەش سێ یەکسانکردەوە و یارییەکە چووە کۆمەڵەی سێیەم و یەکلاییکەرەوە و لەو کۆمەڵەیەشدا 26 ساڵە بەلجیکییەکە شەش چوار سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە کردنە دەرەوەی رۆجێر فێدێرێر هەمووانی تووشی شۆککرد و یەکێک لە گەورەترین سەرکەوتنەکانی لە کاروانی وەرزشی خۆیدا بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
لە یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتاییدا گریگۆری دیمیترۆڤی بولگاری دواکەوتنی خۆی بەرامبەر جاک سۆک بۆ سەرکەوتن گۆڕی و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی.

سەرەتا تێنسزانە ئەمریکییەکە کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش چوار بردەوە، بەڵام دیمیترۆڤ وەڵامێکی خێرای دایەوە و بە شەش سفر ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.

لە کۆمەڵەی سێیەم و یەکلاییکەرەوەدا بەهێزی دیمیترۆڤ بەتەواوی لەنێو یاریگەدا رەنگی دایەوە و ئەو کۆمەڵەیەشی بە شەش سێ بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و بەرامبەر دەیڤد گۆفین رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە