ئالڤێش به‌هۆی مۆسیقا له‌ یوڤێنتۆس رۆیشتووه‌

19-07-2017
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن ئالڤێش
A+ A-

رووداوی وه‌رزشی ـ Gulf News

به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی له‌ یه‌كه‌م وه‌رزیدا له‌گه‌ڵ یوڤێنتۆس پێشكه‌شی كرد، پێشبینی نه‌ده‌كرا دانی ئالڤێشی به‌رگریكاری به‌رازیلی ریزه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌ جێبهێڵێت، بۆیه‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌دوای هۆكاره‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ی ئاڵڤێشدا گه‌ڕان و زۆر لێكدانه‌وه‌یان بۆ كرد، كه‌چی ئالڤێش هۆكاره‌ سه‌یره‌كه‌ی بۆ رۆژنامه‌یه‌كی فه‌ره‌نسی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌وانه‌یه‌ بڕواپێكردنی زه‌حمه‌ت بێت. 

یانه‌ی پاریس سانجێرمانی فه‌ره‌نسی، گرێبه‌ستكردنی فه‌رمی له‌گه‌ڵ دانی ئالڤێشی یاریزانی پێشووی یوڤێنتۆسی ئیتاڵی راگه‌یاند و ئالڤێش كۆتایی به‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌ یۆڤی هێنا، به‌مه‌ش به‌ خۆڕایی رووی كرده‌ پاریس سانجێرمانه‌وه‌. 

ئالڤێش باسی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كرد، كه‌ له‌گه‌ڵ بیانكۆنێری به‌سه‌ری بردو له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی لیكیپی فه‌ره‌نسی گوتی "یوڤێنتۆس لێم تێنه‌گه‌یشت، له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌، هه‌رچه‌نده‌ دواتر شته‌كان به‌ره‌ به‌ره‌ باشتر بوون". 

هه‌روه‌ها گوتی "له‌ سه‌ره‌تادا تووشی ده‌رده‌سه‌ری زۆر بووم، چونكه‌ له‌ من نه‌ده‌گه‌یشتن، له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌دا". دانی روونیكرده‌وه‌ "شته‌كه‌ هه‌ندێ كاتی پێویست بوو، تاوه‌كو له‌سه‌ر خاڵێك، له‌وه‌ی من بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێیانوایه‌ به‌یه‌ك بگه‌ین، هه‌ر كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ به‌یه‌ك گه‌یشتین، ئه‌نجامه‌كان هاتنه‌ ئاراوه‌". 

ئه‌و یاریزانه‌ی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی، گوتی "هه‌وڵمده‌دا هه‌ندێ خۆشی بخه‌مه‌ نێو ژووری جلگۆڕینه‌وه‌، بێهیوایی؟ بۆ نموونه‌ له‌ ژووری جلگۆڕیندا، رێگه‌یان پێ نه‌ده‌داین گوێ له‌ مۆسیقا بگرین، من به‌بێ مۆسیقا و سه‌ماكردن ناتوانم بژیم". 

دانی له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا گوتی "من كه‌سێكی شێت نیم بمه‌وێ هه‌موو بنه‌ماكان بگۆڕم، هه‌موو كه‌سێك شێوازی تایبه‌ت به‌خۆی، یان به‌رزكردنه‌وه‌ی وزه‌ و گواستنه‌وه‌ی بۆ كه‌سانی دیكه‌ی هه‌یه‌، حه‌زده‌كه‌م كه‌شی خۆشی له‌نێو هه‌موواندا هه‌بێت، كه‌مێك به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری منیان ده‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ له‌ نیوه‌ی دووه‌می وه‌رزدا، شته‌كان به‌ره‌ به‌ره‌ به‌ره‌و باشی چوون".

 ئه‌و گوتیشی "ژیان پێویستی به‌ هه‌ندێك شێتییه‌، مادام ئه‌وه‌ وات لێناكات پره‌نسیپی تایبه‌تی خۆت بگۆڕی، یان واز له‌ پره‌نسپی تایبه‌تی خۆت بێنی. به‌ڵام له‌ بنه‌ماكانی مندا شتی زۆر راست و لۆژیك هه‌یه‌، من كه‌سێكی ساده‌م، به‌ڵام هه‌رگیز هه‌وڵم نه‌داوه‌، زیان به‌كه‌سانی دیكه‌ بگه‌یێنم، یان هه‌راسانیان بكه‌م".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە