بارسێلۆنا دەیەوێت ئەستێرەیەکی لەکۆڵ خۆی بکاتەوە

18-12-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رافینیا بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بارسێلۆنا بێزار و بێئومێدە لەوەی رافینیای بەرازیلی بتوانێت رۆڵێکی کاریگەر لەگەڵ تیپەکەی چاڤی هیرناندێز بگێڕێت و دەیەوێت لەکۆڵ خۆی بکاتەوە.
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی کەتەلۆنی، یانەی بارسێلۆنا بیر لەوە دەکاتەوە گوشار بخاتە سەر یاریزانە بەرازیلییەکەی بۆ ئەوەی لە مێرکاتۆی زستانی داهاتوودا لە بارسا بڕوات.
 
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرت، بەرپرسانی بارسا پێیانوایە رافینیا خراپترین هیرشبەر و گۆڵکاری تیپەکەیانە لەم وەرزەدا، بۆیە چیدی پێویست ناکات لە یانەکە بمێنێتەوە.
 
هەرچەندە یاریزانە بەرازیلییەکە تێدەکۆشێت و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات لە یارییەکاندا بۆ ئەوەی تواناکانی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئەوە بسەلمێنێت کە رۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی هەیە لە تیپەکەدا.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رافینیا نێوبانگی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا لەدەستداوە، کە پێشتر بە یاریزانێکی دەست لێنەدراو و هێڵی سووری یانەکە دادەنرا، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە یانەکە بیر لەوە دەکاتەوە گوشاری بخاتە سەر و ناچاری بکات لە وەرزی زستاندا بڕوات.
 
وەک هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە یانە کەتەلۆنییەکە باسی دەکەن، بەرپرسانی بلاوگرانا دەستبەجێ بە رۆیشتنی رافینیا رازی دەبن، ئەگەر دەستەوارەیەکی گونجاوی بۆ بێت.
 
سپۆرت ئاشکرایکردووە، یاریزانی پێشووی یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی، تاوەکو ئێستا دوو دەستەوارەی بۆ هاتووە، یەکەمیان بریتییە لە گۆڕینەوە لەگەڵ جادۆن سانچۆی یاریزانی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی. دووەمیشیان لە سعودیەوە بۆی هاتووە، کە بەرپرسانی خولی سعودیە لەگەڵ بارسا قسەیان کردووە سەبارەت بەو گرێبەستە.
 
بارسێلۆنا بەنیازە داوای 100 ملیۆن دۆلار بکات لە بەرامبەر گواستنەوەی رافینیا بۆ سعودیە، بۆ ئەوەی سوود لەو بڕە پارەیە وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری یانەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە