نیمار ئاڵاهه‌ڵگری سه‌ماكارانی سامبایه‌

18-06-2015
هەرێز جەمال
نیشانەکردن نیمار
A+ A-

رووداوى وه‌رزشی ـ Samba

نیمار دا سیلڤا، ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلی یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی، هیوا و خه‌ونی شه‌یدایانی سامبای له‌سه‌ر هه‌ردوو شانه‌ بچووكه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه‌، له‌ میانی به‌شداریكردنی هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل له‌ جامی كۆپا ئه‌مریكا، كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ وڵاتی چیلی ده‌ستی پێكردووه‌. 
نیمار به‌ ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می سه‌ماكه‌رانی سامبا داده‌نرێت له‌و پاڵه‌وانیه‌تییه‌دا، هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نی ته‌نیا 23 ساڵه‌، كه‌چی له‌ ریزی ئه‌ستێره‌ گه‌وره‌كانی به‌رازیلی وه‌ك پێلێ، زیكۆ، رۆماریۆ، رۆناڵدۆ، ریڤاڵدۆ، رۆناڵدینهۆ و كاكایه‌، ئه‌وه‌ش بۆ زۆرى گۆڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ 44 گۆڵه‌ و به‌ پێش زۆر له‌ ئه‌ستێره‌ گه‌وره‌كان كه‌وتووه‌. 
له‌م راپۆرته‌دا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بۆچی نیمار بووه‌ته‌ هیوای یه‌كه‌می به‌رازیلییه‌كان له‌ كۆپا ئه‌مریكا.

پێگه‌یشتنی وه‌ك یاریزان
له‌و كاته‌ی نیمار تازه‌ پێده‌گه‌یشت بۆ هه‌مووانی سه‌لماند یاریزانێكی كاریگه‌ره‌و توانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل نازناوی كۆپا ئه‌مریكای خوار ته‌مه‌نی 20 ساڵی به‌ده‌ستبێنێت، بۆیه‌ ده‌یه‌وێ له‌ چیلیش هه‌مان ده‌ستكه‌وت  له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌م دووباره‌ بكاته‌وه‌، پاشان له‌ ته‌مه‌نی 20 ساڵیدا ملوانكه‌ی زیوی له‌ ئۆلۆمپیادی له‌نده‌ن به‌ده‌ستهێنا، ئێستا هه‌موو چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن به‌و ئه‌زموونه‌ی په‌یدایكردووه‌ سه‌رله‌نوێ به‌رازیل بكاته‌وه‌ پاشای تۆپی پێ. له‌و ساڵانه‌ی دوایی نیمار زیاتر پێگه‌یشتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی پیشه‌گه‌ری ئه‌وروپی له‌گه‌ڵ یانه‌ی بارسێلۆنا تاقیكرده‌وه‌و ئاستیشی له‌گه‌ڵ سامبا زیاتر گه‌شه‌ی كردووه‌، به‌ده‌ستهێنانی جامی كیشوه‌ره‌كان  به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستیه‌یه‌. له‌ مۆندیالی 2014 نیمار كاپتنی شاراوه‌ی سامبا و داینه‌مۆی نێو یاریگه‌ بوو، به‌مه‌ش هه‌موو زانیان ئه‌و گه‌نجه‌ بچووكه‌ بووه‌ته‌ هه‌ڵگری ئاڵای چێژبه‌خشین و داهێنانی سه‌ماكه‌رانی سامبا دوای ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ئه‌زموونه‌كه‌ی، بۆیه‌ توانی رووبه‌ڕووی ئه‌و فشارانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ خراوه‌ته‌ سه‌رشانی.

كۆكتێلی به‌هره‌یه‌
ئه‌وه‌ی ئاگای له‌ سه‌ره‌تاكانی نیمار بێت ده‌زانێت به‌هره‌یه‌كی خۆڕسكه‌، بۆیه‌ كه‌ تۆپ ده‌گاته‌ به‌ر قاچی نازانی چیده‌كات، شووت لێده‌دات له‌و كاته‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی وا ده‌زانێ پاس ده‌دات، یاری به‌ یاریزان ده‌كات له‌و كاته‌ی  هه‌موو وا ده‌زانن شووت لێده‌دات، ئه‌و له‌ ریزی به‌هره‌مه‌ندانی نێو جیهانی جادوویی تۆپی پێیه‌. جه‌ماوه‌ری به‌رازیل ته‌نیا به‌ بردنه‌و رازی نابن، به‌ڵكو به‌دوای یاریزانێك ده‌گه‌ڕێن كه‌ به‌ لێهاتوویی و یاریزان بڕینی جادوویانه‌ ئاره‌زووی هونه‌ری تێر بكات، ئه‌وه‌ سیفه‌تی نیماره‌ و ئه‌وكاته‌ی منداڵ بوو كه‌لوپه‌لی نێو ماڵی ریز ده‌كردو به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری به‌ نێوانیاندا ده‌ڕۆیشت، له‌ شووت لێدان زۆر به‌ دیقه‌ته‌ له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا، له‌ شووت لێدان و یاریزان بڕین و دروستكردنی گۆڵ لێهاتووه‌، كه‌واته‌ له‌ كۆتاییدا نیمار كۆكتێلێك به‌هره‌یه‌و ده‌توانێت به‌ چاوتروكانێك شته‌كان یه‌كلاییبكاته‌وه‌.

ژماره‌ و ئامار
كاتێك زمانی ژماره‌ له‌ باره‌ی نیمار قسه‌ ده‌كات، قسه‌ی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ دیارترین ئه‌ستێره‌كان له‌ مێژووی تۆپی پێی به‌رازیل. نیمار كه‌ تازه‌ ته‌مه‌نی 23 ساڵه‌، توانیویه‌تی به‌پێش زه‌به‌لاحه‌كان بكه‌وێت كه‌ مێژوویان له‌گه‌ڵ سلیساو ته‌واو بووه‌. ئه‌و تاوه‌كو ئێستا 43 گۆڵی نێوده‌وڵه‌تی تۆماركردووه‌و بووه‌ته‌ پێنجه‌م گۆڵكار له‌ مێژووی سامبا و هه‌ریه‌ك له‌، پێلێ به‌ 77 گۆڵ، رۆناڵدۆ به‌ 62 گۆڵ، رۆماریۆ به‌ 55 گۆڵ و زیكۆ به‌ 48 گۆڵ له‌ پێشی دێن، به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێ نیمار له‌وه‌ نزیكه‌ به‌ پێش زه‌به‌لاحه‌كان بكه‌وێت و بێته‌ پێشه‌وه‌. 

دۆنگا ئازادی ده‌كات
دۆنگای راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل باش ده‌زانێت نیمار كارتی براوه‌ی تیپه‌كه‌یه‌تی، هه‌رچه‌نده‌ سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا باسی به‌ كۆمه‌ڵی تیپه‌كه‌ی بكات، كه‌چی له‌ كۆتاییدا به‌های خۆی به‌و به‌هره‌مه‌نده‌ و ئازادی جوله‌كردن و تۆماركردنی گۆڵ به‌ نیمار ده‌به‌خشێت، ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ له‌دوایین دوو یاری دۆستانه‌ی به‌رازیل 7 گۆڵی تۆماركردووه‌، 4 گۆڵ له‌ گۆڵی هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن و 3 گۆڵی له‌ هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا، بۆیه‌ نیمار ده‌بێته‌ هیوای به‌رازیلییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی نازناوی پاڵه‌وانیه‌تی كۆپا ئه‌مریكا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە