رووداو – هه‌ولێر
فیلیپ لام كاپتنی یانه‌ی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانی دووپاتیكرده‌وه، كارلۆ ئانچیلۆتیی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ی چه‌ندین جار هه‌وڵیداوه له بڕیاری وازهێنان پاشگه‌زی بكاته‌وه، به‌ڵام شكستی هێناوه.
لام، كه ته‌مه‌ن 33 ساڵه، له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌دا واز له یاریكردن ده‌هێنێت، هه‌رچه‌نده هێشتا گرێبه‌سته‌كه‌ی ساڵێكی ماوه له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌یدا.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌ڤانیدا پێش ئه‌نجامدانی دوایاریی ئه‌م وه‌رزه به‌رامبه‌ر فرایبۆرگ، كه شه‌ممه‌ی داهاتووه، لام گوتی: "ئانچیلۆتی هه‌وڵیداوه له بڕیاری وازهێنان په‌شیمانم بكاته‌وه و چه‌ندین رێگه‌شی تاقیكرده‌وه".
گوتیشی: "كۆتاییه‌كه‌م نزیكبووه‌ته‌وه، یاده‌وه‌ریی زۆرم له‌گه‌ڵ بایرندا هه‌یه، كه بیرناچنه‌وه، له یه‌كه‌م یاریمدا له‌گه‌ڵ بایرن ته‌نیا 3 خوله‌ك به‌شداریمكرد، هه‌روه‌ها شكسته‌كان و بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كانیش بیرناچنه‌وه".
كاپتنی پێشووی ئه‌ڵمانیا هه‌روه‌ها گوتی: "شه‌ممه به پاسی تیپه‌كه‌مان رووده‌كه‌مه‌وه یاریگه‌ی ئالیانز ئارینا و به بردنه‌وه‌ی دوانازناوم ئاهه‌نگ ده‌گێڕم و چێژ له‌و رۆژه وه‌رده‌گرم".
فیلیپ كه له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا نازناوی مۆندیالی 2014ی برده‌وه، گوتی: "هیوادارم جه‌ماوه‌ری بایرن میونشن هه‌میشه به‌وه یادم بكه‌ن، كه یاریزانێكی باش بووم".
فیلیپ باسی هاوڕێیه‌كانیشی كرد و ئاشكرایكرد، رۆژێك له رۆژان له شیكاگۆ سه‌ردانی شڤاینشتایگه‌ر ده‌كات.
هه‌روه‌ها به پێكه‌نینه‌وه باسی تۆماس مۆله‌ری كرد و گوتی: "300 یاریم له ته‌ك مۆله‌ردا كردووه، هیوادارم به دابڕانی من ئازار نه‌كێشێت".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد "فرانك ریبێری پێی گوتم بلیتی ته‌واوی یارییه‌كانی وه‌رزی داهاتووت بۆ ده‌كڕم بۆ ئه‌وه‌ی له یارییه‌كانی نێو ئالیانز ئارینادا ئاماده‌بیت".
كاپتنی بایرن میونشن له باره‌ی جۆشوا كیمیچی یاریزانی به‌رگریی یانه‌كه‌شی گوتی: یاریزانێكی نایابه و نه‌مبیستووه بیه‌وێت بایرن جێبهێڵێت، ئه‌و پێویستی به‌وه هه‌یه زۆر یاریی بكات و ئه‌مه‌ش شتێكی سرووشتییه له تۆپی پێدا.
دواجار فیلیپ لام گوتی: "به دڵنیاییه‌وه دوای وازهێنانیش سه‌یری یارییه‌كانی بایرن ده‌كه‌م و من هانده‌ری تیپه‌كه‌م، پێش ئه‌وه‌ی یاریزانی بم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ