شوێنگرەوەی ئێمباپێ لە پرێمەرلیگە

18-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی فەرەنسی و ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکەی بەجێدەهێڵێت، یانە پاریسییەکە دەیەوێت ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ بگوازێتەوە و شوێنی کیلیانی پێپڕبکاتەوە. 
 
ماوەی چەندین ساڵە هەواڵی رۆشتنی ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان و پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدەوە میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، ساڵی 2022 ئەستێرە فەرەنسییەکە گرێبەستەکەی نوێکردەوە و جارێکی دیکە یانەی شاهانەی بێهیواکردەوە، لە ماوەی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە کیلیان بە پی ئێس جی راگەیاندووە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێدەهێڵێت و بەشێکی زۆری میدیاکان ناوی یاریزانەکە بە ریال مەدریدەوە دەبەستنەوە. 
 
بەپێی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، پاریس سانجێرمان لە ئێستاوە بەدوای شوێنگرەوەیەک بۆ ئێمباپێ دەگەڕێت و بۆ ئەو مەبەستە چاودێری تواناکانی مارکۆس راشفۆرد، یاریزانی ئینگلیزی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد دەکات. 

 

 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە لویس کامپۆسی بەڕێوبەری وەرزشی یانە پاریسییەکە ماوەیەکی زۆرە بە راشفۆرد سەرسامە و دوو ساڵ لەمەوبەر گفتوگۆی لەگەڵ هێرشبەرە ئینگلیزییەکەدا کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە بکات، بەڵام نەبوونی بودجەی پێویست رێگریکرد لە گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ پایتەختی فەرەنسا. لە ئەگەری رۆشتنی کیلیان، یانە پاریسیەکە بەشێکی خەرجییەکانی کەمدەبێتەوە و رەنگە ئەوکات لە رووی دارییەوە کێشەی نەمێنێت و بتوانێت راشفۆرد بگوازێتەوە پارک دێ پرانس. 
 
وەرزی رابردوو راشفۆرد ئاستێکی نایابی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد پێشکێش کرد بەشێوەیەک کە لە 56 یاریدا بەشداری 41 گۆڵی کرد، دواتر لە هاوینی رابردوودا گرێبەستەکەی تاوەکو 2028 نوێکردەوە، بەڵام لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا ئامارەکانی روو لە خراپبوونە و تاوەکو ئێستا، لە 29 یاریدا بەشداری 11 گۆڵی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە