رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی یانەكەی لەسەر یاریگەی خۆیدا نەیتوانی نازناوی لالیگای ئەم وەرزە بەدەست بهێنێت و بە گۆڵێك لەگەڵ ئاتلەتیكۆ مەدرید یەكسانبوو، جێراردۆ تاتا مارتینۆ راهێنەری یانەی بارسیلۆنا دەستی لە كاری مەشقی یانەكەی كێشایەوە و داوای لێبوردنی كرد.
تاتا كە تەنیا ئەم وەرزە راهێنەری بارسیلۆنا بوو، لە دوای یارییەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ گوتی: بەرێككەوتن لەگەڵ یانەكە، من و ستافی مەشق چیتر راهێنەرایەتی یانەی بارسیلۆنا ناكەین و داوای لێبوردنیش لە ئەنجامە خراپەكان دەكەین.
تاتا مارتینۆ كە گرێبەستەكەی بۆ دوو وەرز بوو، خراپترین وەرزی بۆ بارسیلۆنا لەوەتەی 7 ساڵی رابردوو تیپەڕاند و ئەم وەرزە بە دەستبەتاڵی مایەوە و هیچ نازناوێكی بەدەست نەهێنا، جگە لە خولی لالیگا، لە یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا بە ریال مەدرید دۆڕا و لە قۆناخی هەشتەمی چامپیۆنزلیگیشدا بەرامبەر ئاتلەتیكۆ مەدرید دۆڕا.
تاتا مارتینۆ، كە ئەرجەنتینییە، لە ئەمەریكای باشووردا سەركەوتن و ئەنجام و دەستكەوتی گەورەی لەگەڵ یانەی لیبرتاد و نیوڵز ئۆڵدبۆیز و سیرۆ پۆرتینۆ و هەڵبژاردەی پاراگوایدا هەبوو، لە ئیسپانیا و لەگەڵ بارسیلۆنادا نەیتوانی هیچ دەستكەوتێك بەدەست بهێنێت و بەدەستبەتاڵی یانەكەی هەرێمی كەتەلۆنیا جێدەهێڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ