رووداو دیجیتاڵ
هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدرید و بایرن میونشن بۆ یاریی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ سەرکەوتن و لەو قۆناخەدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
لە میانی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، یانەی ریال مەدرید بووە میوانی یانەی مانچێستەر سیتی لە نێو یاریگەی ئیتیحاد، کە یاریی چوونی نێوانیان بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 3-3 کۆتایی هاتبوو.
لە خولەکی 12، رۆدریگۆ گۆڵی یەکەمی یارییەکەی تۆمارکرد و ریال مەدریدی پێشخست. دوابەدوای ئەو گۆڵە، مانچێستەر سیتی چەندین هەلی مەترسیداری گۆڵتۆمارکردنی درووستکرد، تاوەکو لە خولەکی 76، کێڤن دی برۆین گۆڵی یەکسانبوونی سیتیزنسی تۆمارکرد و کاتی ئاسایی یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە دوو گێمی زیادکراوی یارییەکەدا، مانچێستەر سیتی لە هێرشبردن بەردەوامبوو، بەڵام نەیتوانی گۆڵی پێشکەوتن تۆماربکات و دواتر پەنا بردرایە بەر لێدانە یەکلاکەرەوەکان بۆ دیاریکردنی یانەی سەرکەوتوو بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە. لە لێدانە یەکلاکەرەوەکاندا، یانەی ریال مەدرید بە ئەنجامی 4-3 سەرکەوت و یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا، هەریەکە لە لوکا مۆدریچ لە ریال مەدرید و بێرناردۆ سیلڤا و ماتیۆ کۆڤاسیچ لە مانچێستەر سیتی لێدانە سزاکانیان لەدەستدا.
لە یارییەکی دیکەی هەمان قۆناخدا، یانەی بایرن میونشن لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا میوانداری ئارسیناڵی کرد، یاریی چوونی نێوان ئەم دوو یانەیە بە ئەنجامی 2-2 کۆتایی هاتبوو.
یارییەکە چەندین هەلی مەترسیداری گۆڵتۆمارکردنی لەلایەن هەردوو یانەوە بەخۆوە بینی، تاوەکو لە خولەکی 63، جۆشوا کیمیچ گۆڵی پێشکەوتنی بایرنی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
هەردوو یانە لە هێرشەکانیان بەردەوامبوون، بەڵام هیچ لایەکیان لە هەژاندنی تۆڕی تیپی بەرامبەر سەرکەوتوو نەبوون و بە ئەنجامی هەردوو یاری، بایرن میونشن بە ئەنجامی 3-2 لە ئارسیناڵی بردەوە و سەرکەوت بۆ قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
هەردوو یانەی ریال مەدرید و بایرن میونشن لە رۆژی 30ـی ئەم مانگە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، یاریی چوون لە نێو یاریگەی ئالیانز ئارێنای تایبەت بە بایرن میونشن دەبێت یاریی گەڕانەوەش لە رۆژی حەوتی مانگی داهاتوو لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ