یاریزانێکی هەڵبژاردەی عێراق دەبێتە هاوتیپی ئەستێرەیەکی پێشووی پرێمەرلیگ

17-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەیەکی کۆریای باشوور دەیەوێت هێڵی بەرگری تیپەکەی بە گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێکی هەڵبژاردەی عێراق بەهێزتر بکات.
 
رێبین سولاقا، بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق، هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی ئازاد لە یانەی بوریرام یونایتدی تایلەندییەوە پەیوەندی بە برۆماپۆیکارنای سوێدییەوە کرد، لەگەڵ یانەکەیدا تەنیا 165 خولەک یاریکرد کە بەسەر حەوت یاریدا دابەشبوو، لە سەرەتای ئەمساڵدا گرێبەستەکەی رێبین لەگەڵ یانە سوێدییەکەدا کۆتایی هات و بەبێ یانە مایەوە.
 
بەپێی رۆژنامەی سپۆرت بلادێت، یاریزانە عێراقییەکە لەگەڵ یانەی سیئۆل ئێف سی رێککەوتووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا پشکنینە پزیشکییەکان لەگەڵ ئەو یانەیەدا ئەنجامدەدات، دواتر گرێبەست لەگەڵ یانە نوێیەکەیدا واژۆدەکات. 
 
رێبین لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە جامی ئاسیای 2023ـدا کرد و توانی متمانەی خیسوس کاساسی راهێنەری ئەو هەڵبژاردەیە بەدەستبهێنێت، بەشێوەیەک کە جگە لە یاریی یەکەمیان بەرامبەر ئیندۆنیزیا، لە سەرجەم یارییەکانی دیکەدا بەشێوەیەکی سەرەکی یاریکرد و یارمەتی هەڵبژاردەکەیدا لە گەیشتن بە قۆناخی 16ـی جامەکە، کە لەو قۆناخەدا بە ئەنجامی 3-2 بە هەڵبژاردەی ئوردن دۆڕان و لە پاڵەوانێتییەکە دوورخرانەوە. 
 
پەیوەندیکردنی رێبین بە یانەی سیئۆلەوە لە کاتێکدایە کە یانە کۆرییەکە لە ماوەی رابردوودا گواستنەوەی جێسی لینگارد، یاریزانی ئینگلیزی و ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی راگەیاند. یانەکە لە خولی نایابی کۆریدا رکابەری دەکات، وەرزی رابردوو 47 خاڵی کۆکردەوە و بە پلەی حەوتەم کۆتایی بە خولەکە هێنا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە