"راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق گاڵته‌ به‌ یاریزانانی هه‌ولێر ده‌كات"

16-12-2018
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
نیشانەکردن حه‌یده‌ر مه‌حموود كاتانیچ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق
A+ A-

رووداو – هه‌ولێر

یاریزانێكی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق راهێنه‌ری ئێستای هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، كه‌ گاڵته‌ی به‌ یاریزانانی عێراق كردووه‌، به‌ تایبه‌تی یاریزانانی یانه‌كانی هه‌ولێر و شوڕته‌".

حه‌یده‌ر مه‌حموود یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ ماڵپه‌ڕی كوڕه‌ی عه‌ره‌بی قسه‌ی كردووه‌ و ده‌ڵێت" "چه‌ند یارییه‌كم له‌ هه‌ولێر بینیووه‌، به‌ تایبه‌تی دوا دوو یاریی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری، كاتانیچی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و ستافه‌كه‌ی له‌وێ ئاماده‌بوون، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی جێگه‌ی پرسیاری زۆرن".

مه‌حموود گوتی: "كاتانیچ سووكایه‌تی ده‌كرد و به‌ گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ پێده‌كه‌نی، به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تی نێو یاری، به‌ تایبه‌تی له‌ یاریی نێوان هه‌ولێر و شوڕته‌، له‌ كاتێكدا ته‌ڕبوونی یاریگه‌كه‌ به‌ هۆی بارانه‌وه‌ كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر ئاستی یاریزانانی هه‌ردوو تیپ هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و زیاد له‌ پێویست له‌گه‌ڵ ستافه‌كه‌ی پێده‌كه‌نی، كه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌بوو له‌سه‌ر سووكایه‌تیكردن به‌ یاریزانان و یانه‌كان، ئه‌مه‌ش كارێكی ره‌تكراوه‌یه‌".

حه‌یده‌ر مه‌حموود


حه‌یده‌ر مه‌حموود، كه‌ ئێستا وه‌كو راهێنه‌ر كارده‌كات، هه‌روه‌ها ئاشكرایده‌كات: "من له‌ نزیكی ستافی مه‌شقی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق دانیشتبووم، له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئه‌و راهێنه‌ره‌ش ره‌خنه‌م ئاراسته‌كرد، ده‌بووایه‌ به‌ رێز و پابه‌ندبوونی زیاتره‌وه‌ سه‌یری یاریزانه‌كان بكات، به‌ تایبه‌تی یاریزانانی یانه‌ی شوڕته‌، كه‌ به‌شێكیان یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقن، بۆیه‌ سووكایه‌تیپێكردنیان كارێكی گونجاو نییه‌ له‌لایه‌ن راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌وه‌.

حه‌یده‌ر مه‌حموود، كه‌ ساڵانێكی زۆر یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و یانه‌ی زه‌وڕا بووه‌، ده‌ڵێت: "مێژووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ كاروانی كاتانیچ گه‌وره‌تره‌، عێراق جامی ئاسیای 2007ی بردووه‌ته‌وه‌ و به‌شداریی مۆندیالی 1986ی كردووه‌، به‌ڵام كاروانی ئه‌و راهێنه‌ره‌ زۆر هه‌ژارانه‌یه‌ و ناگاته‌ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، بۆیه‌ پێویسته‌ رێزی ئه‌و وڵاته‌ش بگرێت كه‌ كارێ تێدا ده‌كات".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە