یانەی هەڵۆ پلانێکی نوێی بۆ خولی پلەیەکی کوردستان هەیە

16-08-2022
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەڵۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی وەرزشیی هەڵۆ، بە مەبەستی دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێز بۆ وەرزی داهاتووی خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان دەستیکردووە بە دۆزینەوەی یاریزانی ئاستبەرز و هەنگاونان بەرەو ئامادەکارییەکانی تیپەکەی. 
 
دەستپێکی کارەکانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بۆ وەرزی نوێی خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان متمانە بەخشینەوە بە راهێنەر دینۆ میکائیل بوو، ئەم راهێنەرە لە ماوەی 3 رۆژدا تاقیکردنەوە بۆ ژمارەیەک یاریزانی لاوی دەڤەری بارزان ئەنجامدەدات بۆ دەستنیشانکردنی باشترینیان بۆ تیپەکەی.
 
شیڤان نادر، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی یانەی هەڵۆ لە لێدوانێکی تایبەت بەتۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە وەک دەستەی کارگێڕیی چاوممان لەوەیە تیپێکی رکابەر و بەهێزمان لە خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان هەبێت، هەربۆیە دەمانەوێت تیپێکی نوێ لە یاریزانی لاوی دەڤەرەکەمان دروستبکەین، لەگەڵ هێنانی 6 یاریزانی ئاستبەرزی بەئەزموون ئەوانەی پێشتر لە یانە بەهێزەکانی کوردستان یارییان کردووە". 
 
یانەی هەڵۆ چەند وەرزێك لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان یاریکردووە، وەرزی رابردوو کشانەوەی خۆی لە خولەکە راگەیاند، هەربۆیە تیپەکە بۆ خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان دابەزی.
 
نادر ئاماژەی بەوەشکرد " لێرەوە دەمەوێت ئەوەبڵێم داواکارم لەو یاریزانانەی کە دێنە ریزی تیپەکەمان و شەرەفی پۆشینی درێسی یانەی هەڵۆیان پێدەبەخشین تەواو پابەندبن بەرێنماییەکانی راهێنەر، لەبەرئەوەی چاوممان لە دڵخۆشکردنی هاندەرانمانە لە وەرزی نوێدا".
 
یانەی وەرزشیی هەڵۆ لە 2003 دامەزراوە یاریگە و بارەگای یانەکە لە شارۆچکەی بلێی دەڤەری بارزانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە