هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌ممه‌د:زۆر بیری هه‌ولێر ده‌كه‌م

16-03-2016
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌ممه‌د
A+ A-

 به‌ رووداوی وه‌رزشی-هه‌ولێر 

هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌ممه‌د، یاریزانى پێشووى یانه‌ى هه‌ولێر به‌ (رووداوى وه‌رزشی) راگه‌یاند له‌ وه‌رزى داهاتووى خولى نایابى یانه‌كانى عێراقدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ریزه‌كانى یانه‌ى هه‌ولێر و گوتى "زۆر بیری هه‌ولێر ده‌كه‌م، له‌ وه‌رزی داهاتوودا درێسى یانه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م له‌به‌رده‌كه‌مه‌وه‌".

له‌م وه‌رزه‌ى خولى نایابى یانه‌كانى عێراقدا، یانه‌ى هه‌ولێر بێبه‌ش بوو له‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره‌ى یانه‌كه‌ى به‌هۆى نه‌بوونى تواناى دارایى پێویست، كه‌ به‌ناچاری هه‌ندێك له‌ ئه‌ستێره‌كانى هه‌ولێر به‌ره‌و یانه‌كانى دیكه‌ی عێراق كۆچیان كرد، یه‌كێكیان هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌ممه‌دی یاریزانى دیارى عێراق و كوردستان، براى هاوار مه‌لا محه‌ممه‌دی یاریزانى نێوده‌وڵه‌تی كورد یه‌كێك بوو له‌و یاریزانانه‌.

 ئه‌و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ یانه‌ى هه‌ولێر وه‌ك یاریزانێكى ئاستبه‌رز ده‌ركه‌وت، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌رامبه‌ر گرێبه‌ستێكى گرانبه‌ها له‌گه‌ڵ یانه‌ى نه‌فتى ناوه‌ڕاست به‌ره‌و باشوورى عێراق كۆچى كرد، كه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ به‌شداری له‌ هه‌ردوو خولى عێراق و جامى یه‌كێتى یانه‌كانى ئاسیا ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك خۆی بۆ (رووداوی وه‌رزشی) ئاشكرایكرد له‌ به‌رنامه‌ی دایه‌ له‌دواى كۆتاییهاتنى یارییه‌كانى ئه‌م وه‌رزه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ریزى یانه‌ى وه‌رزشیى هه‌ولێر.

 ئه‌و له‌و باره‌وه‌ گوتی "ئه‌مساڵ به‌پێى گرێبه‌ستێك رووم له‌ یانه‌ى نه‌فتى  ناوه‌ڕاست كرد، كه‌ پاڵه‌وانى وه‌رزى رابردووی عێراق بوو، كه‌ له‌ جامى یه‌كێتى یانه‌كانى ئاسیا به‌شدارین، به‌ڵام له‌ راستیدا چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ ده‌كه‌م خوله‌كانى عێراق و ئاسیا به‌ كۆتایى بێن، بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێمه‌وه‌ ریزه‌كانى یانه‌ى هه‌ولێر".

 هه‌روه‌ها هه‌ڵگورد گوتیشی "هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكى باشووریش زۆر رێزمان ده‌گرن، به‌ڵام من رانه‌هاتووم له‌ دوورى خۆشه‌ویستانم بژیم، بۆ من زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌ دوورى خانه‌واده‌كه‌م یاری بكه‌م".
 له‌ باره‌ى هه‌ولێریش هه‌ڵگورد، گوتى "له‌ راستیدا زۆر بیری هه‌ولێر ده‌كه‌م، زۆرم پێ ناخۆش بوو كه‌ ریزه‌كانى یانه‌ى هه‌ولێرم جێهێشت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ژیانى پیشه‌گه‌رییه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ر ماوه‌یه‌ك له‌ یانه‌یه‌ك كار بكه‌ى، رێز و خۆشه‌ویستم بۆ هانده‌رانى هه‌ولێر هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ به‌ رۆیشتنی من دڵگران ببن، به‌ڵام به‌ڵێن ده‌ده‌م بگه‌ڕێمه‌وه‌ ریزه‌كانى یانه‌ى هه‌ولێر و خزمه‌تى زیاترى یانه‌كه‌ بكه‌م، چونكه‌ یانه‌ى هه‌ولێر تایبه‌تمه‌ندى خۆى له‌ ژیانى مندا هه‌یه‌. هه‌رگیز له‌و شاره‌ هه‌ست به‌ غه‌ریبی ناكه‌م ".

سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچوونى یانه‌ى هه‌ولێریش له‌ خولى عێراق، ئه‌و یاریزانه‌ كورده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، گوتى "زۆرم پێ ناخۆشبوو كه‌ یانه‌ى هه‌ولێر نه‌یتوانى بۆ قۆناخى داهاتووى خولى نایابى عێراقى سه‌ر بكه‌وێت، به‌ڵام به‌هیواى به‌ختى باشترم بۆ یانه‌كه‌". 

هه‌روه‌ها گوتیشی "ئه‌مساڵ ئاستى خولى عێراق به‌رز بوو، یانه‌ى هه‌ولێریش به‌و هه‌موو یاریزانه‌ كورده‌ توانی ئاستێكى شایسته‌ پێشكه‌ش بكات، ئومێدى سه‌ركه‌وتن بۆ یانه‌ى هه‌ولێر ده‌خوازم".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە