هەفتەی 23 رکابەریی نێوان تۆم و جێری زیندووکردەوە

16-02-2015
ڕێبوار محه‌مه‌د
رووداو
رووداو
نیشانەکردن خولی ئیسپانیا
A+ A-

چۆکدادانی ئاتلێتیکۆ بەرامبەر تۆم و جێرییەکی لالیگا ناونیشانی گەڕی بیست و سێی خولی ئیسپانیا بوو.

سێلتاڤیگۆ میوانداری ئاتلێتیکۆی کرد و تا گێمی دووەم یارییەکە شتێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی، تا ئەوکاتەی لە سەرەتاکانی ئەو گێمەدا بەرگریکەرەکانی یانەی میوان هەڵەیەکیان کرد و بەهۆیەوە لێدانێکی سزایان لەسەر گیرا و مانوێل نۆلینۆ گۆڵی پێشکەوتنی سێلتای تۆمارکرد.

ئەو گۆڵە رێکەوتێک نەبوو، چونکە لە خولەکی 71 دا فابیان ئۆریلانا دووەم گۆڵی یانەکەی تۆمارکرد و کاروانی هەڵگری نازناوی خولەکەی لەبەردەم نازناوی وەرزی ئەمساڵدا خستە ژێر پرسیارێکی زۆرەوە.

لە کامپ نو فیستیڤاڵێکی دیکەی گۆڵکرد و ژمارەیەک ژمارەی پێوانەیی چاوەڕێی مێسی و هاوڕێکانی دەکرد.

ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکردنی یارییەکە بەس بوو بۆ ئەوەی ماشێنی گۆڵەکانی بارسا بکەوێتە ئیش و سەرەتاش نەیمار دا سێلڤا لە خولەکی 17دا گۆڵی یەکەمی بارسای تۆمارکرد.

ئەمجارەیان مێسی لەسەرەرێی هاتریکێکی نوێدا لە خولەکی 38دا دەرکەوت و دووەم گۆڵی یانەی خانەخوێی تۆمارکرد و گێمی یەکەم فیکەی کۆتایی لێدا.

لە گێمی دووەمدا دوای تەنیا 9 خولەک لە دەستپێکردنەوە، پیدرۆ پاسێکی جوانی خستە بەردەم ئەستێرە ئارجێنتیناییەکە بۆ تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی.

لە خولەکی شەست و پێنجدا بەرگریکەرەکانی یانەی میوان لە ناوچەی قەدەخەکراوەکاندا قەدەخەیەکەیان بەرامبەر نەیمار ئەنجامدا و بەوەش فەرموویان لە مێسی کرد بۆ ئەوەی هاتریکی ژمارە 23ی خۆی لە هەفتەی بیست و سێی وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا تۆمار بکات.

درەوشانەوە و داهێنانەکانی کەتەلۆنییەکان درێژی کێشا و سوارێز وەک ئەوەی دەمێک بێت چاوەڕێی هەلێک بێت بۆ وەڵامدانەوەی رەخنە بەردەوامەکانی سەری، یەکێک لە جوانترین گۆڵەکانی ژیانی خۆی تۆمارکرد و بەماچبارانی هاندەرانی یانەکە، هەوادارە کەتەلۆنییەکان بەرەو خەوێکی خۆش رووە و ماڵ بوونەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە