شێر و خه‌ت كاپتنی لیڤه‌رپوول تووشی كێشه‌ ده‌كات

15-11-2018
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

هه‌ندێ كه‌س باوه‌ڕیان به‌ به‌خت و فاڵ هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌موو شتێك بۆ هۆكارێك ده‌گێڕنه‌وه‌، كه‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی هاوڕایان نه‌بن له‌و بۆچوونه‌یان، نا لۆجیكی بێت، جه‌ماوه‌ری لیڤه‌رپوول، له‌و جه‌ماوه‌رانه‌یه‌ كه‌ یانه‌كه‌ی خۆیان زۆر خۆش ده‌وێت و به‌ حاڵه‌تێكی تایبه‌ت له‌ جیهانی تۆپی پێ داده‌نرێت، كه‌چی هه‌مان شتی دووپاتكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی هۆكاری كه‌وتنی كتوپڕی تیپه‌كه‌ی به‌ 2 گۆڵی خاوێن له‌سه‌ر ده‌ستی رێد ستاری سڕبی له‌ چامپیۆنزلیگ، به‌و ئه‌و لایه‌نه‌ گه‌ڕانده‌وه‌. 

له‌و چوارچێوه‌یه‌وه‌، هانده‌رانی لیڤه‌رپوول له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، باسی هۆكاره‌كانی ئه‌و دۆڕانه‌یان كرد، كه‌ لێكدانه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌می چامپیۆنزلیگی ئاڵۆز كرد، گله‌ییان له‌و بڕیاره‌ سه‌یره‌ كرد، كه‌ كاپتنی تیپه‌كه‌ جه‌یمس میلنه‌ر، پێش یارییه‌كه‌ به‌ چه‌ند چركه‌یه‌ك دای. 

پێش یارییه‌كه‌، ناوبژیوانی ئیسپانی ئه‌نتۆنیۆ ماتیۆ لاهۆز، له‌ كاپتنی لیڤه‌رپوولی پرسی، چ روویه‌كی دراوه‌ ئاسنینه‌كه‌ی ده‌وێت، ره‌نگی سوور یان شینی ده‌وێت، ده‌نگی میلنه‌ر له‌ ته‌له‌ڤزیۆن ده‌بیسترا كه‌ گوتی ره‌نگی شین (تایبه‌ته‌ به‌ ركابه‌ری هه‌میشه‌یی ئێڤێرتۆن)، ئه‌وه‌ش پاڵی به‌ جاماوه‌ره‌وه‌ نا، میلنه‌ر به‌ خۆفرۆش و خائین تۆمه‌تبار بكه‌ن، ئه‌وه‌ی قوڕه‌كه‌شی خه‌ستتر كرد، ئه‌وه‌بوو كه‌ دراوه‌كه‌ له‌ كاتی هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ره‌نگی سووری نیشاندا، به‌مه‌ش یانه‌ی رێد ستار لێدانی سه‌ره‌تای به‌ نه‌سیب بوو، خاوه‌نانی زه‌وی ده‌رفه‌تی ده‌ستپێكردنیان قۆسته‌وه‌و فشاریان خسته‌ سه‌ر رۆڵه‌كانی راهێنه‌ر یۆرگن كلۆپ، یاریكردنیشیان له‌سه‌ر زه‌وی و به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ری خۆیان قۆسته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ میوانه‌ ئینگلیزه‌كه‌یان ببه‌نه‌وه‌، به‌ 2 گۆڵی ڤویادین ساڤیچ، یانه‌ی لیڤه‌رپوولیش ئاستێكی خراپی پێشكه‌ش كرد. 

هانده‌رانی یانه‌كه‌ی ئینگلته‌را، داوا ده‌كه‌ن چیدی نیشانه‌ی كاپتنی به‌ میلنه‌ر نه‌درێت، كه‌ له‌جیاتی جۆردان هندیرسۆنی پێكراو ببووه‌ كاپتن، له‌و كاته‌ی هه‌ندێكی دیكه‌ پێیانوابوو، هه‌ڵبژاردنی ره‌نگی شین له‌لایه‌ن میلنه‌ره‌وه‌، ده‌بووه‌ هۆكاری ده‌ركردنی راسته‌وخۆی له‌ یانه‌كه‌دا، ئه‌گه‌ر راهێنه‌ری پێشوو به‌یل شانكلی، له‌ ژیاندا ماباو و له‌و پۆسته‌ش بایه‌. 

یانه‌كانی لیڤه‌رپوول و ناپۆلی هه‌ریه‌كه‌و شه‌ش خاڵیان هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا یانه‌كانی پاریس سانجێرمان و رێد ستار، خاوه‌نی چوار خاڵن، هێشتا دوو گه‌ڕیش له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ ماوه‌، به‌مه‌ش هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان، بۆ سه‌ركه‌وتنی كامه‌ دوو تیپ بۆ قۆناخی داهاتوو له‌ ئارادا ده‌بن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە