درێسی لیۆنێل میسی ئێرانییه‌كان به‌شه‌ڕ دێنێت

15-06-2014
هەرێز جەمال
نیشانەکردن لیۆنێل میسی
A+ A-




رووداوى وه‌رزشی ـ CNBC

بڕیارێكی یه‌كێتى تۆپی پێی ئێرانى هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ له‌و وڵاته‌ ده‌نێته‌وه‌و چاودێرانیش پێشبینی ده‌كه‌ن لیۆنێل میسی ئه‌ستێره‌ى ئه‌رجه‌نتینی ببێته‌ هۆكارى شه‌رمه‌زاركردنى ئه‌و یه‌كێتییه‌.

یه‌كێتى تۆپی پێی ئێرانى له‌ هه‌ڵوێستێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا رایگه‌یاند بۆ هیچ یاریزانێكی هه‌ڵبژارده‌ى ئێران نییه‌ له‌ یارییه‌كانى مۆندیالدا درێسی خۆی له‌گه‌ڵ درێسی یاریزانانى تیپی به‌رامبه‌ر بگۆڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌موو ئێرانییه‌كانى تووڕه‌كردو ئه‌وكاته‌ى به‌رپرسانى یه‌كێتییه‌كه‌ ویستیان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى تووڕه‌ییان بیانوو بێننه‌وه‌، كێشه‌كه‌یان گه‌وره‌تر كرد، چونكه‌ گوتیان "یه‌كێتییه‌كه‌مان له‌ قه‌یرانێكی داراییدایه‌". ئێرانییه‌كانیش ئه‌وه‌ به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌زانن، چونكه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن "ئه‌گه‌ر درێسه‌كان چه‌ندیش گرانبه‌ها بن نابنه‌ هۆكارى قه‌یرانى دارایی، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ى ئێران به‌هۆی گه‌یشتنى بۆ مۆندیال 8 ملیۆن یۆرۆ له‌ فیفا وه‌رده‌گرێت".

ئه‌وه‌ى زیاتر جێگه‌ى مه‌ترسییه‌و چاودێرانى تۆپی پێی ئێرانى پێشبینی بۆ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاریزانانى هه‌ڵبژارده‌ى ئێران له‌ یارییه‌كه‌یاندا به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى ئه‌رجه‌نتین سه‌رپێچى بڕیاره‌كه‌ى یه‌كێتى تۆپی پێی ئێرانی بكه‌ن، چونكه‌ به‌ قسه‌ى ئه‌وان "هه‌موویان خه‌ون به‌وه‌ ده‌بین درێسی میسی به‌ده‌ستبێنن، كه‌ ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ جارێكی دیكه‌ بۆیان ناڕه‌خسێته‌وه‌، ئه‌وكاتیش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ چاوه‌ڕێی تۆپی پێی ئێران ده‌كات".

درێسی میسی خواستێكی جیهانیی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره‌، پێشتریش دوو یاریزانى یانه‌ى شتۆتگارتى ئه‌ڵمانى له‌سه‌رى به‌شه‌ڕهاتوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە