دی برۆین: پێشتر رقم له‌ ره‌حیم بوو

15-04-2019
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو ـ هەولێر 

كیڤین دی برۆین، یاریزانی به‌لجیكی یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی ئینگلیزی، له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی نوێدا، باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ره‌حیم ستێرلینگی هاوڕێی ده‌كات و ده‌ڵێت "سه‌ره‌تا رقم لێیبوو، به‌ڵام دواتر بووه‌ نزیكترین هاوڕێم".

دی برۆین باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و كه‌سێكی كراوه‌ نییه‌ و دره‌نگ به‌ رووی خه‌ڵكیدا ده‌كرێته‌وه‌، كه‌چی كاتێك ره‌حیمی ناسیوه‌ بووه‌ته‌ نزیكترین هاوڕێی و له‌ باره‌وه‌ ده‌ڵێت "ره‌حیم یه‌كێكه‌ له‌ جوانترین پیاوان، زۆر خاكی و ساده‌یه‌، كه‌سێكی ژیره‌".

دی برۆین باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ هاوڕێی ره‌حیم، رقی له‌و بووه‌، چونكه‌ رۆژنامه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ وه‌سفیان كردووه‌ به‌هۆی رۆیشتنی له‌ لیڤه‌رپووله‌وه‌و ده‌ڵێت "كه‌ ره‌حیم لیڤه‌رپوولی جێهێشت، هه‌مووان گوتیان كه‌سێكی چاوچنۆكه‌ و بۆ پاره‌ لیڤه‌ری جێهێشتووه‌، ئه‌و پیاوێكی له‌خۆباییه‌، بۆیه‌ كاتێك هاته‌ مانچێسته‌ر سیتی به‌خۆم گوت من چیده‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌؟".

دی برۆین هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "كه‌ ره‌حیمم ناسی بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و كه‌سێكی ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌سفه‌ی رۆژنامه‌كان بۆی ده‌كه‌ن، ئێستا ئه‌و نزیكترین هاوڕێی منه‌".

دی برۆین باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی وایكردووه‌ ئه‌و و ره‌حیم زیاتر له‌ یه‌كدی نزیك ببنه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو كه‌ پێكه‌وه‌ بوونه‌ته‌ باوك و له‌ كاتێكی نزیك له‌ یه‌كتردا كوڕه‌كانی هه‌ردووكیان له‌دایكبوونه‌.

كوڕه‌كانی دی برۆین و ره‌حیم ستێرلینگ

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە