رووداو دیجیتاڵ
قەتەر بە ناردنی خانووی تایبەت بە هاندەرانی مۆندیالی 2022 هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزە دەکات.
دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی ئەم مانگە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، کە هەزاران کەس بوونە قوربانی و هەزارانی دیکەش برینداربوون، وڵاتانی جیهان بەشێوەی جیاواز هاوکاری پێشکێشی تورکیا دەکەن.
قەتەر یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی بۆ تورکیا نارد، کە پێکهاتووە لە کابینەی تایبەت بە هاندەران، کە بۆ مانەوەی خەڵک لە کاتی بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2022 لە قەتەر دروستکرابوون.
لە یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی قەتەردا، وڵاتەکە 100 کابینەی پێشکێشکرد، کە هەموو پێداویستییەکی تێدایە.
بەپێی هەواڵی میدیای قەتەر و تورکیا، هاوکارییەکانی وڵاتەکە بۆ تورکیا بەردەوامدەبن و بەشێوەی کاروانی جیاواز کابینەکان دەگوازرێنەوە و تاوەکو کۆتاییش ژمارەی کابینە پێشکێشکراوەکانی قەتەر بۆ تورکیا دەگاتە 10 هەزار کابینە، کە بەشێکیان دەدرێتە سوریا بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە.
کابینەکان بەهۆی کەمی شوێنەوە تایبەت بە هاندەران بۆ مۆندیالی 2022 دروستکرابوون و مانەوەی شەوێک تێیدا بەرامبەر 200 دۆلار بوو، دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالیش قەتەر پێویستیی بەو کابینانە نەماوە و وەک هاوکارییەک دەیداتە تورکیا و سوریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ