بەفەرمی یانەکانی کوردستان لە خولی عێراق بێبەشکران

14-11-2017
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن خولی عێراق - هەولێر - سلێمانی - گازی باکوور
A+ A-


رووداو –محەمەد کارێزی

یەکێتی تۆپی پێی عێراق، کاتی دەستپێکردنی وەرزیی نوێی خولی نایابی عێراق و ژمارەی یانەکانی دیاریی کرد و بەفەرمی سێ یانەی باشووری کوردستان لە خولەکە بەشداری ناکەن.

سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بڕیاردراوە کە یارییەکانی وەرزیی نوێی خولی عێراق بە بەشداریی بیست یانەیە و یارییەکانیش رۆژی 20ی ئەم مانگە دەست پێدەکات.

ئەو سەرچاوەیە جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، یەکێتی تۆپی پێی عێراق هەریەک لە یانەکانی هەولێر و کەرخی دابەزاندووە بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی عێراق، ئەم بڕیارانەش لەسەر خواستی بەشێکی زۆریی یانەکانی عێراق بووە کە ویستویانە خولەکە بە بەشداریی 20 یانە بێت و دوێنێ لەشاری بەغداد لە کۆبوونەوەیەکدا هەڵوێستی خۆیان دایە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق.

ئەمساڵ هەریەک لە یانەکانی هەولێر، سلێمانی، گازیی باکوور و زاخۆ بڕیاربوو وەک نوێنەری یانەکانی باشووری کوردستان بەشداریی لە خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی عێراق بکەن ، بەڵام ئەم بڕیارە نیگەرانیەکی زۆریی لە شەقامی وەرزشی دروستکرد و 13 یانەی عێراقی رایانگەیاند کە ئەگەر بێت و ژمارەی یانەکان لە 20 یانە زیاتربن بەشداری ناکەن، ئەمەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی بڕیارەکە بسەپێت.

رێبین رەمزی بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رایگەیاند: دەستەی کارگێری یانەمان لەسەر ئەو پرسە کۆدەبێتەوە و هەڵوێست و دواین بڕیاری خۆمان دیاریی دەکەین لەسەر ئەو بڕیارەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە