لە درێژەی رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی ریۆ دی جانیرۆی 2016 جامایکییەکان وەک هەمیشە لە گۆڕەپان و مەیداندا تواناکانیان نمایشکرد و میدالیای زێڕیان لە مل کرد.
لە رکابەرییەکانی راکردنی 100 مەتری لەسەر ئاستی کچان، ئێلاینی تۆمپسۆنی جامایکی لە ماوەی 10 چرکە و 71 لەبەشی هەزاری چرکە گەیشتە خاڵی کۆتایی رکابەرییەکە و میدالیای زێڕی بردەوە، پلەی دووەم و میدالیای زیۆ بۆ توری پاوی ئەمریکی و برۆنزەکەش بەر فرایزر پرایزی جامایکی کەوت.
لە رکابەرییەکانی راکردنی 10000 مەتری سەر ئاستی کوڕان، جارێکی دیکە محەممەد فەرەحی بەریتانی دەستی بەسەر میدالیای زێڕدا گرتەوە و لە ماوەی 27 خولەک و 5 چرکەدا گەیشتە خاڵی کۆتایی رکابەرییەکە و بۆ سێیەم ئۆڵیمپیاد لەسەریەک میدالیای زێڕی لەمل کرد، دوای بردنەوەی میدالیایەکە لە ئۆڵیمپیادی 2008 لەبەیجین و 2012 لەلەندەن.
لە رکابەرییەکانی بەرزکردنەوەی قوڕساییدا و لەسەر ئاستی کوڕان هەڵبژاردەی ئێران دووەم میدالیای زێڕی لە رکابەرییەکاندا بردەوە، دوای ئەوەی سوهراب مۆرادی لە کێشی 94 کیلۆگرامیدا توانیی 221 کیلۆگرام بەرزبکاتەوە و دوای کیانۆش رۆستەمی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە دووەم یاریزانی ئێرانی لە ئۆڵیمپیادەکەدا میدالیای زێڕ لە مل بکات.
لەرکابەرییەکانی قۆناخی چارێکی کۆتایی تۆپی پێی سەر ئاستی کوڕانیش تۆمارکردنی تەنیا گۆڵێک لە خولەکی 58 لەلایەن ئالبێرتۆ ئایلیس بەسبوو بۆ ئەوەی هندۆراس سەرکەوتن بەسەر کۆریای باشوور تۆماربکات و هەڵبژاردەی بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی ئۆڵیمپیاد.
لە رکابەرییەکانی تێنسی سەر ئاستی تاکی کچانیش مونیکا پویک، یەکەم میدالیای زێڕی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بۆ پویرتو ریکۆ بردەوە، دوای سەرکەوتنی بەسەر ئانجلیک کێربەری ئەڵمانی و میدالیای برۆنزیش بەر پێترا کیڤیتۆڤای چیکی کەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ