تیتی و راهێنەری بۆلیڤیا باس لە دەستپێکی کۆپا ئەمێریکا دەکەن

14-06-2019
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن کۆپا ئەمێریکا
A+ A-

رووداو - هەولێر

پێش دەستپێکردنی یاری نێوان بەرازیل و بۆلیڤیا، هەریەکە لە تیتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل و ڤێلیگاس راهێنەری هەڵبژاردەی بۆلیڤیا باسیان لە یارییەکە کردووە، تیتی دەڵێت، ئێرە وەکو ماڵی خۆم وایە بۆیە هەر دەبێت یارییەکە ببەینەوە، ئیدواردۆش دەڵێت، باش بوو نەیمار یارینەکرد، کەس نازانێت لە کام لاوە لێت تێدەپەڕێت.

تیتی دەڵێت، یارییمان بەرامبەر بۆلیڤیا زۆر زۆر گرنگە، ئەم یارییە تایبەتە بە بەرازیلییەکان و لە یاریگای خۆماندا یاریدەکەین، ئەوەی منی دڵخۆشکردووە ئەوەیە کە ئێمە لەم یاریگایە، لە یاریگای ساوپاولۆ یاریدەکەین، چونکە من ئێرە بە ماڵی خۆم دادەنێم، هەست بە شانازی و گەورەیی دەکەم، ئەم یارییە بۆمن تایبەتە، هەوڵدەدەین گۆڵتۆماربکەین، بە یاریزانەکانیشم راگەیاندووە، ئامانجی یەکەممان بردنەوە و پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرزە، منیش تەنیا کارم لەسەر ئەوە کردووە، هەروەها هەڵبژاردەکەمان بەربژێرە بۆ بوونە پاڵەوانی کۆپا ئەمێریکا، لە هەمان کاتدا ئێمە تەنیا نین و رکابەری دیکەمان هەیە، زۆر هەڵبژاردەی بەهێز لەم پاڵەوانێتییەدا هەن، ئەوەی لەسەرمانە دەبێت پاڵەپەستۆی سەر یاریزانانمان کەمبکەینەوە، دەبێت هاندەرانیش هەست بە ئێمە بکەن لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا هانمان بدەن بۆ ئەوەی ئێمەش ئەنجامی باش بەدەستبهێنین.

ڤێلیگاسیش گوتی، ئێمە کاتێکی زۆر کەممان لەبەردەمدابوو، بەڵام توانیمان تیپێکی باش ئامادەبکەین، دەبێ دان بەخۆماندا بگرین و لە نێو یاریگادا جەنگاوەرانە یاریبکەین، ئەوەی بۆ هەڵبژاردەکەمان زۆر گرنگە ئامادەنەبوونی نەیمار داسێلڤایە، زۆر دڵخۆشین بە ئامادەنەبوونی ئەو، نەیمار یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، یاریزانێکی خێرا، لێهاتوو و کارامەیە، لە شوێنی ئەویشدا ویلیان یاریدەکات ئەویش بە هەمان شێوە یاریزانێکی ئاستبەرزە، هەڵبژاردەی بەرازیلیش هەڵبژاردەیەکی بەهێزە سەرجەم یاریزانەکانی لە باشترینەکانن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە