یاریزانێکی پێشووی بارسێلۆنا فێڵ لە یانەیەک دەکات

13-05-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یاریزانێکی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی فێڵ لە یانەیەکی رۆمانی دەکات. 
 
ئێدگار لی لە تیپی دووەمی بارسێلۆنا بووە، دوای رۆیشتنی لە یانە کەتەلۆنییەکە یاریی بۆ یانەکانی ڤیاریال، لیل، فاینۆرد، نانتس، ترابزۆنسپۆر، بەشێکشێهیر دەکات و دواتر لە هاوینی رابردوودا، یاریزانەکە گرێبەست لەگەڵ یانەی دینامۆ بوخارستی رۆمانی دەکات.
 
کێشەکە لێرەوە دەستپێدەکات، بەپێی هەواڵەکان، یانە رۆمانییەکە ئێستا گومانی لەوە هەیە کە لەلایەن ئێدگارەوە فێڵی لێکرابێت و پێیوایە ئەو یاریزانەی یارییان بۆ دەکات ئێدگار نییە، بەڵکو ئێدێلینۆی برا دووانەکەیەتی.
 
هۆکاری گومانلێکردنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاتێک ئەندامانی یانە رۆمانییەکە دەیانەوێت بە ئینگلیزی قسە لەگەڵ لیدا بکەن، یاریزانەکە ناتوانێت وەڵام بداتەوە و بەو زمانە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات، لە کاتێکدا کە یانەکە دڵنیان لەوەی ئێدگار زمانی ئینگلیزی بەباشی دەزانێت، کاتێکیش داوای مۆڵەتی شوفێری لێدەکەن، یاریزانەکە رەتی دەکاتەوە پێشانیان بدات. 
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە یاریزانەکە تەنیا پێنج یاری بۆ بوخارست ئەنجامداوە و نەیتوانیوە هیچ گۆڵ و ئەسیستێک بکات، کەچی ئەگەر هاتوو تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبکرێتەوە، ئەگەری هەیە یانە رۆمانییەکە ئەو هەشت خاڵە لەدەستبدات کە لەگەڵ لیدا بەدەستیهێناون. 
 
لای خۆیەوە ئاندرێی نیکۆلێسکو، ئەندامی دەستەی کارگێڕی بوخارست ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت کە ئەوان دڵنیان لەوەی ئەو یاریزانەی یارییان بۆ دەکات ئێدگار لییە، چونکە یاریزانەکەیان لە بریکارێکی "گەورە و باوەڕپێکراوەوە"ـەوە هێناوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە