ئینتەرمیلان هەڕەشە لە خەونە مێژووییەکەی ئاتلێتیکۆ دەکات

13-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ ئینتەرمیلان ئاتلێتیکۆ مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گەڕانەوەی ئانتوان گریزمان، ئەستێرەی یەکەمی ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ مەشقە بەکۆمەڵەکانی یانەکەی و دەرکەوتنەوەی بەڕووخسارێکەوە کە ئاماژە بەئامادەیی و چاکبوونەوەی دەدات، پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت، بۆ یانەکەی لەپێناو هەوڵەکانی پەڕینەوە بۆ چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ.
 
گریزمان کە لە یاریی چووندا بەرامبەر ئینتەرمیلان دووچاری پێکان لە پاژنەی بوو و لەوکاتەوە نەیتوانیوە بەشداریی لە یارییەکانی تیپەکەیدا بکات، کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر پێکهاتەکەی بەردەستی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەرەوە بەجێهێشت و لەماوەی دابڕانی ئەو ئەستێرەیەدا، ئاتلێتیکۆ چوار یاریی ئەنجامدا و تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
گریزمانی تەمەن 32 ساڵ، پاش تۆمارکردنی 18 گۆڵ لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەیدا، چاوەڕێکراوە لێی، کاریگەریی گەورەی لەسەر توانا هێرشبەرییەکانی تیپەکەی هەبێت، کە پێویستی بەقەرەبووکردنەوەی شکستی یاریی چوون بەگۆڵێکی بێبەرامبەر لە نێو یاریگەی سانسیرۆ هەیە و دەبێ ئەو بێئومێدییەش بسڕێتەوە کە هاندەرەکانی دووچاریبوون، پاشئەوەی لەسەرەتای هەفتەکەشدا لە لالیگا، بەکادیزی هەڕەشە لەسەر بۆ دابەزین، دۆڕا.
 
ئاکسیل ڤیتسێل یاریزانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لەبارەی یارییەکەوە باسی هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بێئومێدیی هاندەرانی تیپەکەی کردووە، ئەو دەڵێ، "هاندەرانمان هەستێکی خراپیان هەیە بەهۆی شکستی دوا یاریمان بەرامبەر کادیز، بەڵام یارییەکەی ئەمجارە جیاوازە و لەسەر یاریگەی خۆمان یارییدەکەین. دەکرێ هاندەران هاوکارمان بن وەک هەمیشە و وەک هەموو یارییەکانی دیکە. پێموایە یارییەکە دۆخێکی جیاوازی دەبێت، کەشەکەما نایاب دەبێت و یاریگەکەشمان وەک هەمیشە، من هیچ گومانم لە پشتگیریی هاندەران نییە".
 
ئینتەرمیلان بەنیازی دووبارەکردنەوەی سەرکەوتن لە یاریی چوون، یان لانیکەم یەکسانبوون و بەدەستهێنانی بلیتی پەڕینەوە روو لە واندا میترۆپۆلیتانۆ دەکات.. تیپەکە هەرگیز میوانێکی رۆح سووک نابێت، بەتایبەت کە هەمووان لە ئینتەرمیلان وابیردەکەنەوە ئەمساڵ لە وەرزی رابردوو باشترن، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو لە یاریی کۆتایی بووبن، بۆچی ئەمساڵیش لانیکەم، هەمان دەستکەوت دووبارە نەکەنەوە.
 
نێرازۆری بەهەستێکی باشەوە روو لە یارییەکەی ئەمشەو دەکات، پشتئەستوورە بەو ئاستە کاریگەرەی لە یاریی چووندا پێشانیدا، ئەمە جیا لە ئاستی ناوازەی تیپەکە لە درێژەی وەرزی ئەمساڵدا کە ئەوی بردووەتە پێشەنگی سێری ئا بەجیاوازیی 16 خاڵ لەگەڵ نزیکترین رکابەریان کە میلانی دراوسێیە.
 
یاریزانای ئینتەرمیلان، لە نێویاندا فیدریکۆ دیمارکۆ ئومێد دەخوازن هەمان ئاستی یاریی چوون بەرامبەر نوێنەرەکەی مەدریدی پایتەخت دووبارەبکەنەوە، ئەو گوتویەتی، "دەزانین هێزی ئاتلێتیکۆ مەدرید چەندە، دەزانین ئەوان تیپێکی بەهێزن. مێژوویان لە چامپیۆنزلیگدا دیارە، بەڵام ئێمە بەئامانجی پێشاندانی ئاستێکی مەزنی هاوشێوەی ئەوەی لە یاریی چووندا پێشانماندا، دەچینە نێو یاریگەوە".
 
بۆ دیێگۆ سیمیۆنی دەکرێ یارییەکەی ئەمشەو هەوڵدانێکی دیکە بێت لەپێناو ئەو نازناوە کیشوەرییەی هەرگیز بەدەستنەهێناوە، بەڵام هەمان راستی بۆ سیمۆنیی راهێنەری ئینتەرمیلانیش راستە کە چاوی لەوەیە، دوای دڵنیابوونەوە لە نێوخۆ، لە ئەوروپاش سنووری خەونەکانی خۆی فراوانتر بکات و بگاتە ئەو نازناوەی یانەکە 14 ساڵە، بەدەستینەهێناوە.
 
لاوتارۆ سەرئێشە گەورەکەیە
 
دیێگۆ سیمیۆنی کە خەون بەنازناوێکی چامپیۆنزلیگەوە دەبینێت لەگەڵ ئاتلێتیکۆ، پاشئەوەی دووجار لەسەردەستی ریال مەدرید خەونەکەی پووچەڵبووەوە و هەموو نازناوەکانی دیکەی بەدەستهێناوە و تەنیا چامپیۆنزلیگی ماوە، بەمتمانەوە باسی ئاستی تیپەکەی کردووە. ئەو راهێنەرە کە سەردەمانێک وەک یاریزان درێسی ئینتەرمیلانی پۆشیوە، دەڵێ، "زۆر شتم نییە بەیاریزانەکانی بڵێم پێش یارییەکە. راستگۆیانە پێموایە شتی زۆرم بۆ وتن نییە. من لەسەداسەد متمانەم بە یاریزانەکانم هەیە و لەسەداسەدیش متمانەم بە تیپەکەم هەیە و دەزانم یارییەکی باش ئەنجام دەدەین".
 
سیمیۆنی لەبارەی تواناکانی هاونیشتمانییەکی خۆیەوە هەڵوەستەی کردووە کە لاوتارۆ مارتینێزە، ئەو دەڵێ لاوتارۆ لەگەڵ ستایلی یاریکردنی تیپەکەیدا گونجاوە، "ئەوان یاریزانی باش و کاریگەریان هەیە، لاوتارۆ یەکێکە لەوان، ئەو یاریزانێکی ناوازەیە، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تواناکانی خۆی پێشانداوە و لەگەڵ ئینتەریش بەهەمان شێوە. ئەو شوێنێکی باشی بۆ یارییکردن دۆزیوەتەوە لەگەڵ ئەو ستایلی یاریکردنەی خۆی حەزی لێدەکات، هەروەها ستایلی کارکردنی راهێنەریش بۆ ئەو گونجاوە و خزمەت بەتواناکانی دەکات، بێگومان ئەو یەکێکە لە باشترین هێرشبەرەکانی ئەوروپا".
 
دووانەی دڵخوازی بەرگری
 
یارییەکەی ئەمشەو، دووبارەبوونەوەی هەمان یاریی نێوان دوو تیپە کە دڵخوازترین ستایلی یاریکردنیان بەرگری تووند و ئەنجامدانی هێرشی هەڵگەڕاوەیە، یارییەک کە پێشبینیکراوە، پاڵپشت بەهاندەرەکانی، ئاتلێتیکۆ بەگوڕترەوە تێیدا دەربکەوێت.
 
سیمۆنی ئینزاگی وا دەڵێ، "دەزانین یارییەکەی ئەمجارە قورسە و بەرامبەر رکابەرێکە کە کوالیتی خۆی دەزانێت. ئەوان کاتێک لە یاریگەی خۆیاندا یارییدەکەن بەهێزتردەبن. دەزانین ئەوان یارییەکەمان لێ قورس دەکەن و ئێمە پێویستمان بەوە هەیە ئاستێکی باشمان هەبێت و دەزانین کە سەرکەوتنمان بەسەریاندا لە میلانۆ سەرکەوتنێکی کەمبوو، بەڵام هەوڵدەدەین بەستایلەکەی خۆمان یاریی بکەین".
 
ئەوەی تاوەکو پێش یارییەکە بەنەزانراو لای سیمۆنی دەمێنێتەوە، ستایل گۆڕینی ئاتلێتیکۆیە کە وادەکات پێشبینی بۆ شێوازی یارییکردنی، قورس بێت، "ئەگەر تەماشای ئەم وەرزەمان بکەین، دەبینین بەرامبەر ئەو تیپانەی هێرشبەرییانە رووبەڕوومان بوونەتەوە باشبووین. نازانم ئاتلێتیکۆ چۆن بەرامبەرمان یارییدەکات، چونکە ئەوان لە یارییەکەوە بۆ یارییەکی دیکە شێوازی یارییکردنیان دەگۆڕن، بەڵام لەوە دڵنیام کە یاریزانی بەهێزیان هەیە و دەشزانین یارییەکی قورس و تاقەتپڕووکێن چاوەڕێمان دەکات کە تێیدا پێویستمان بەوە هەیە لە دۆخە قورسەکاندا باش مامەڵە بکەین".
 
بە یارییەکەی نێوان ئاتلێتیکۆ و ئینتەرمیلان، هەروەها کۆتاییهاتنی یاریی نێوان بۆڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، چارەنووسی هەشت تیپی سەرکەوتوو یەکلادەبێتەوە و هەینی داهاتوو، تیروپشکی قۆناخەکە ئەنجامدەدرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە