ڤیدیۆ؛ بە سەرکردایەتی رۆناڵدۆ نەسڕ بۆ پێش کۆتایی جامی شا سەرکەوت

12-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
یانەی نەسڕ
یانەی نەسڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە جامی شای سعودیە یانەی نەسڕ بە ئەنجامی 5-2 لە یانەی شەبابی بردەوە و بۆ قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکە سەرکەوت.
 
شەباب بەبەهێزی دەستی پێکرد و لە خولەکی 15ـی یارییەکەدا لێدانێکی سزایان بۆ هەژمارکرا، بەڵام یانیك کاراسکۆ لێدانەکەی بۆ دەرەوەبوو و نەیتوانی یانەکەی پێشبخات.
 
دوای ئەو رووداوە، نەسڕ گەڕایەوە یارییەکە و لە خولەکی 17 سێکۆ فۆفانا گۆڵی یەکەمی نەسڕی تۆمارکرد. 
 
دواتر شەباب دەستی بە هێرشەکانی کردەوە و لە خولەکی 24 کارلۆس گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
تەنیا چوار خولەك دوای گۆڵەکەی شەباب، نەسڕ لە رێگەی سادیۆ مانێ گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و جارێکی دیکە پێشکەوت. 
 
نەسڕ بەو ئەنجامە رازی نەبوو و بەردەوامبوو لە ‌هێرشەکانی، لە خولەکی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا عەبدولرەحمان غەریب گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی زیاترکرد.
 
ئەوەی هەمووان بەدرێژایی یارییەکە چاوەڕێی بوون لە خولەکی 74 روویدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ توانی گۆڵی چوارەم بۆ نەسڕ تۆماربکات و دڵنیایی بداتە هاندەرانی ئەو یانەیە.
 
هەرچەندە لە خولەکی 90 هاتان باهەبری گۆڵی دووەمی بۆ شەباب تۆمارکرد و جیاوازییەکەی کەمکردەوە، هەرزوو محەمەد ماران گۆڵی پێنجەمی نەسڕی تۆمارکرد و کۆتایی بە یارییەکە هێنا. 
 
بەم بردنەوەیە یانەی نەسڕ بۆ یاری پێش کۆتایی جامی شای سعودیە سەرکەوت و لەو قۆناخەدا رووبەڕووی یەکێك لە یانەکانی هیلال، خەلیج یان براوەی یاریی نێوان ئیتیحاد و فەیسەڵی دەبێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە