پێشبینیدەکرێت ئەمشەو فێرلان مێندی بەرگریکەری باڵی راستی ریال مەدرید بێت

11-02-2025
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن فێرلان مێندی مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، پێشبینیدەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەرگریکەرانی باڵ لە یانەی ریال مەدرید، ئەمشەو فێرلان مێندی بەرگریکەری باڵی راستی ریال مەدرید بێت لە یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی.
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریی چوونی پاشکۆی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، لەسەر یاریگەی ئیتیحاد، میوانداریی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات و یانە ئیسپانییەکە کێشەی زۆری لە هێڵی بەرگرییەکەیدا هەیە و پێنج یاریزانی سەرەکی ئەو هێڵە بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکەی ئەمشەودا، بەشداری ناکەن.
 
میدیای ئیسپانیا باسیان لەوە کردووە، کە ئەمشەو کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید لەبری یاریی پێکردنی فیدریکۆ ڤاڵڤێردی لە بەرگریی باڵی راستی یانەکەی، پەنا دەباتە بەر یاریی پێکردنی فێرلان مێندی لەو شوێنە و فران گارسیاش، لە باڵی چەپی بەرگریی تیپەکە دەبێت.
 
ریال مەدرید بەدەست پێکرانی زۆری یاریزانانی بەرگرییەوە دەناڵێنێت، پێشتر هەریەکە لە دانی کارڤاخال، ئیدێر میلیتاو، رۆدیگێر و ئالابا دووچاری پێکانی درێژخایەن بوون و لە دوای یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش لە لالیگا، یانەکە پێکرانی لوکاس ڤاسکێزی راگەیاند.
 
پێشتر، چەندینجار، ئەنچیلۆتی، پەنای بۆ یاریی پێکردنی ڤاڵڤێردی لە باڵی بەرگریی راستی تیپەکەی بردبوو، بەڵام وەک میدیاکان دەڵێن، ئەمشەو ئەو راهێنەرە، هەمان پلان دووبارە ناکاتەوە.
 
میدیای نزیک لە ریال مەدرید ئاشکرایانکردووە، ئەمشەو، ڤاڵڤێردی وەک ناوەڕاستکار بەشداری لە یارییەکەدا دەکات و لەبری ئەو، مێندی لە باڵی راستی بەرگری دەبێت.
 
هەندێک لەو سەرچاوانە دەڵێن، ئەنچیلۆتی پێیوایە ئەمشەو دەتوانێت سوود لە ڤاڵڤێردی لە ناوەڕاستی یاریگەدا وەربگرێت، هەربۆیە نایەوێت ئەو یاریزانە بباتە پشتەوە و لە شوێنی خۆی، لە ناوەڕاستی یاریگە، یاریی پێدەکات، لەپێناو هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوەڕاستی یاریگە.
 
لیستی یاریزانانی بانگهێشتکراوی ریال مەدرید بۆ یارییەکەی ئەمشەو لە هێڵی بەرگریدا تەنیا شەش یاریزان لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە فران گارسیا، خیسۆس ڤاییخۆ، فێرلان مێندی، جاکۆبۆ، ئەسینسیۆ و لۆرینزۆ ئەگوادۆ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە