فیلیپس لە بردنەوەی میدالیای زێڕ رکابەری وڵاتان دەکات

10-08-2016
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مایکڵ فیلیپس، ئۆڵمپیاد
A+ A-

رووداو – هەولێر

مایکڵ فیلیپسی مەلەزانی ئەمریکی بەردەوامە لە تۆمارکردنی ریکۆردەکان و نوسینەوەی مێژوو لە ئۆڵیمپیاددا و دوو میدالیای دیکەی زێڕی بۆ هەڵبژاردەکەی بردەوە.



شەوی رابردوو شەوی فیلیپس بوو و مەلەزانەکە دوو میدالیای لە رکابەرییەکانی 200 مەتری پەپۆلە و 4 جاران 200 مەتری ئازاددا بەدەستهێنا و ژمارەی میدالیایە زێرەکانی لە مێژووی ئۆڵیمپیاددا گەیاندە 21 میدالیای زێڕ و هیچ یاریزانێک پێشتر نەیتوانیووە بگاتە ئەو ژمارەیە.



فیلیپس لە رکابەری 200 مەتری پەپۆلەدا توانیی بە خولەکێک و 53 چرکە و 36 لەبەشی هەزاری چرکە رکابەرییەکە ببرێت میدالیای زێڕی بردەوە، دوای تەنیا 70 خولەک مایکڵ بەشداریی لە رکابەریی 4 جاران 200 کرد و بە 7 خولەک و 66  لەبەشی چرکە میدالیای زێڕی ئەو رکابەریەشی مسۆگەرکرد.


بەبردنەوەی ئەو دوو میدالیایە مایکڵ فیلیپس کۆی گشتی میدالیاکانی لە مێژووی ئۆڵیمپیاددا گەیاندە 25 میدالیا کە 21 میدالیای زێرە و ئێستا فیلیپس ریکۆردێکی مێژوویی بەدەستەوەیە و رکابەری وڵاتان دەکات لەبردنەوەی میدالیاکانی ئۆڵیمپیاد بەجۆرێک لەبردنەوەی میدالیای زێڕ لە پێش وڵاتی مەکسیک دایە کە خاوەنی 13 میدالیایە و لەگەڵ ئەسیۆبیاش هەمان ژمارەی میدالیای بەدەستهێناوە و بەرازیلیش تەنیا سێ میدالیای زیاتر لە مایکڵ بردووەتەوە.



فیلیپس لە ئۆڵیمپیادەکانی رابردوو لە ئەسینای 2004، شەش میدالیای زێر، لە بەیجینی 2008 هەشت میدالیای زێر، لە لەندەنی 2012 چوار میدالیای زێر، دوو میدالیای زیۆ لە ئۆلیمپیادی 2012 و دوو میدالیای برۆنزیشی لە ئۆلیمپیادی 2004 بەدەستهێناوە و تاوەکو ئێستا مەلەزانەکە سێ میدالیای زێڕیشی لە ئۆڵیمپیادی ریۆدا بەدەستهێناوە و چاوەڕێی بەدەستهێنانی زیاتریشی لێدەکرێت.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە