ئەمشەو دواین یاری یۆرۆی 2016 بەڕێوەدەچێت

10-07-2016
رووداو وەرزشی
یۆرۆ2016
یۆرۆ2016
نیشانەکردن یۆرۆ2016
A+ A-

رووداو -سلێمانى 

ئەمڕۆ دواین یاری یۆرۆی 2016 لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، ئەمە لەکاتێکدا چەند مانگێک بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆ و بە هۆی تەقینەکانی پاریس و برۆکسل، دەنگی زۆر لە ناو ئەوروپاوە بۆ دواخستنی پاڵەوانیەتییەکە بەرز بوونەوە.

یۆرۆ وەک ئەوەی ترسی گەورەی لەسەربوو، هیچ رووداوێکی توندوتیژی بەخۆوە نەبینی و لە کۆی 35 یاری پاڵەوانیەتییەکە کە تا ئێستا ئەنجامدراون، هیچ رووداوێکی نەخوازراو کە پەیوەندی بە تەقینەوە و تێکدانی ئاسایشەوە هەبێت رووینەداوە و فەرەنسییەکانیش نزیکن لەوەی سەرکەوتنی خۆیان لە گرەوی ئەنجامدانی پاڵەوانیەتەکە و بەدەستهێنانی نازناوەکە رابگەیێنن.

لەگەڵ باڵادەستبوونی ترسی تەقینەوە و کارە توندئاژۆییەکاندا، چەند مانگێک بەر لە دەستپێکردنی یۆرۆ، دەنگی زۆر لە ناو ئەوروپاوە بۆ دواخستنی پاڵەوانیەتییەکە بەرز بوونەوە و ئەوانەی ئەو داوایەیان خستە بەردەمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، پێیان وابوو میوانداریکردنی پاڵەوانیەتییەکی گەورە و کۆکردنەوەی چەندین ملیۆن هاندەر لە فەرەنسادا کە چەند مانگێک لەوەو پێش زنجیرەیەک تەقینەوەی بەخۆوە بینیبوو، گرەوێکە فەرەنسییەکان لە ژێر باریدا دەرناچن.

فەرەنسییەکان بۆ پێشاندانی توانای هێزە ئاسایشەکانی خۆیان و بۆ دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە توندوتیژی ناتوانێ رێگری لە ژیانی ئاسایی ئەوروپییەکان بکات، سووربوون لەسەر بەڕێوەبرنی یۆرۆ لە کات و ساتی خۆیدا.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک لە دەستپێکردنی یۆرۆ و کۆبوونەوەی ملیۆنان هاندەر لەو وڵاتەدا کە بۆ بینینی یارییەکان و پشتگیری هەڵبژاردەکانیان ئامادەبوون، ئێستا فەرەنسییەکان نزیکن لەوەی سەرکەوتنی خۆیان لە گرەوەکەدا رابگەیێنن.

یۆرۆ وەک ئەوەی ترسی گەورەی لەسەربوو، هیچ رووداوێکی توندوتیژی بەخۆوە نەبینی و لە کۆی 35 یاری پاڵەوانیەتییەکە کە تا ئێستا ئەنجامدراون، هیچ رووداوێکی نەخوازراو کە پەیوەندی بە تەقینەوە و تێکدانی ئاسایشەوە هەبێت رووینەداوە.

ئەوەی کەمێک پۆلیسی فەرەنسای لە کاتی یۆرۆدا خستە ژێر فشارەوە، ئاژاوە و ناکۆکی و پێکدادانی هاندەرانی چەندین هەڵبژاردەی بەشداری یۆرۆ بوون و دووبارەبوونەوەی پێکدادانی هاندەرانی هەڵبژاردەکانی رووسیا و ئینگلتەرا دیارترین سەرنجیان خستە سەر ئەگەری لەدەستچوونی کۆنترۆڵی ئاسایش لەلایەن دەزگا ئاسایشییەکانی فەرەنساوە.

لەو رووداوانەدا کەس نەکوژرا، بەڵام چەندین بریندار کەوتنەوە و هێرشکرایە سەر چەندین شوێنی گشتی و پۆلیسی فەرەنسا دەیان هاندەری ئاژاوەگێڕی ناردەوە وڵاتەکانی خۆیان و یۆفاش هەڕەشەی دوورخستنەوەی لەو هەڵبژاردانە کرد، کە هاندەرەکانیان کێشە دروستدەکەن.

یۆرۆ گەیشتووەتە دوا یاری و ئەمڕۆ چاوی جیهان چەندە لەسەر بینینی پاڵەوانێکی نوێیە لە نێوان فەرەنسا و پۆرتوگالدا، ئەوەندەش لەسەر دوا تاقیکردنەوەی ئاسایشیی فەرەنسایە بۆ ئەوەی دوا یاری پاڵەوانیەتییەکە بەبێ کێشە بەڕێ بکات.

 ئەمە لە کاتێکدا کە کۆی دەزگا ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتە لە ئامادەباشی تەواودان و ژمارەی زۆری پۆلیس لە نزیک یاریگەی دو فرانس و ئەو شوێنانەش کە بە فان زۆن ناسراون بڵاوەیان پێکراوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە