بایرن لە ناوبژیوانی یارییەکەی ئارسیناڵ تووڕەیە

10-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە گەڕی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، یانەی ئارسیناڵ لەسەر یاریگەی ئیماراتس میوانداری بایرن میونشنی کرد و یارییەکە بەدوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتایی هات. 
 
لە خولەکی 67ـی یارییەکەدا، داڤید رایای گۆڵپارێزی ئارسیناڵ لێدانی گۆڵ جێبەجێ دەکات و تۆپەکە دەداتە گابریێل مانگالایشی بەرگریکاری هاوڕێی، دواتر گابریێل کە پێدەچوو گوێی لە فیکەی ناوبژیوانی یارییەکە نەبووبێت، تۆپەکە بەدەست دەگرێت دووبارە لێدانەکە جێبەجێ دەکاتەوە، بەوهۆیەوە یاریزانانی بایرن داوای لێدانی سزایان کرد، بەڵام ناوبژیوان داواکەیانی رەتکردەوە و بەردەوامی بە یارییەکەدا. 
 
تۆماس تۆخێلی راهێنەری یانە باڤارییەکە لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت "ناوبژیوان هەڵەیەکی گەورەی ئەنجامدا بەوەی لێدانی سزای هەژمارنەکرد، پێموایە ئەو بوێری ئەوەی نەبوو کە ئەو بڕیارە بدات. ئەوەی زیاتر تووڕەمان دەکات ئەوەیە کە ئەو (ناوبژیوان) بە یاریزانەکانمی گوت 'رووداوەکە هەڵەیەکی منداڵانەبوو، بۆیە لێدانی سزا هەژمارناکەم.' ئێمە زۆر تووڕەین، چونکە ئەوە هەڵەیەکی گەورەبوو بەرامبەرمان کرا."
 
لای خۆیشییەوە مارک ئێبێرل، بەڕێوبەری نوێی یانەی بایرن میونشن دەڵێت "ناوبژیوان فیکەی لێدا، گۆڵپارێز لێدانەکەی جێبەجێکرد و پاسیدا بە بەرگریکارەکەی هاوڕێی، ئەویش تۆپەکەی بەدەست گرت. ئەوە لێدانی سزایە و ناوبژیوان دەبووایە هەژماری بکات، بەڵام ئەو گوتی کە ناتوانێت لێدانی سزایەکی لەو شێوەیە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا هەژماربکات، ببوورە بەڵام ئەوە کێشەی ئێمە نییە."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە