دیدار حامد:مه‌حاڵه‌ یارى بۆ هه‌ولێر بكه‌مه‌وه‌

09-09-2014
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن دیدار حامد
A+ A-



دیدار حامد، یه‌كێكه‌ له‌ گۆڵچییه‌ هه‌ر ناسراوه‌كانى شارى هه‌ولێر، له‌ ماوه‌ى 15 ساڵى رابردوودا چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌ى له‌گه‌ڵ یانه‌ى هه‌ولێر به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام له‌ وه‌رزى رابردوودا هیچ كات دیدار گۆڵچی سه‌ره‌كى یانه‌ى هه‌ولێر نه‌بووه‌ له‌ خولى عێراق و جامى ئاسیا، بۆیه‌ دیدار بڕیاریدا به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كجارى له‌ یانه‌ى هه‌ولێرى بڕوات، له‌و باره‌وه‌ (رووداوى وه‌رزشی) له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكدا چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته‌كرد:

هه‌ڤپه‌یڤین: كارزان كانه‌بى        

رووداوى وه‌رزشى: بۆچى هه‌رجارێ له‌گه‌ڵ یانه‌ى هه‌ولێر ده‌بیته‌ یاریزانى یه‌ده‌گ كۆمه‌ڵێك گله‌یى ده‌كه‌ى و ریزى یانه‌كه‌ جێده‌هێڵى؟
دیدار حامد: من هه‌موو جارێ پێشئه‌وه‌ى بڕۆم گله‌ییم له‌ ده‌سته‌ى كارگێڕی و یانه‌ و راهێنه‌ر كردووه‌، زۆرجار به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كیش یاریم كردووه‌و هه‌ر گله‌ییم كردووه‌، چونكه‌ شته‌كان هیچ په‌یوه‌ندى به‌ رۆیشتنم نییه‌ و روون و ئاشكرایه‌.
رووداوى وه‌رزشى: ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ یانه‌ى هه‌ولێر داوات بكاته‌وه‌ دیسان وه‌كجاران ده‌ڵێیته‌وه‌ هه‌ولێر له‌ دڵمه‌و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌؟
دیدار حامد: هه‌ولێر هه‌رگیز له‌ دڵم ده‌رناچێ، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ یاریكردن بۆ یانه‌ى هه‌ولێر مه‌حاڵه‌.
رووداوى وه‌رزشى: ماوه‌یه‌كى زۆره‌ گه‌راِیته‌وه‌ یانه‌ى هه‌ولێر، له‌ هیچ یارییه‌كدا نه‌مانبینى تۆ گۆڵچى سه‌ره‌كى بیت، ئه‌ى بۆچی پێشتر ئه‌و بڕیاره‌ت نه‌ده‌دا ئێستا ئه‌و بڕیاره‌ت داوه‌؟
دیدار حامد: راسته‌ من ساڵى رابردوو هیچ یارییه‌كم نه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ كه‌س ئاگادار نه‌بووبێ له‌وه‌ى  داواى رۆیشتنم له‌ یانه‌كه‌ كردووه‌، به‌ڵام رێگرى هه‌بوو له‌ رۆیشتنم له‌ یانه‌كه‌.    
رووداوى وه‌رزشى: كێ هۆكار بوو بۆ پشتگوێخستنى تۆ؟
دیدار حامد: هۆكار زۆرن، به‌ڵام به‌ بۆچوونى من ده‌سته‌ى كارگێڕى یانه‌كه‌ به‌ پله‌ یه‌ك هۆكار بووه‌، چونكه‌ ئه‌یوب ئۆدیشۆی راهێنه‌ر گوتى من ئاگادار نیم له‌ رۆیشتنى تۆ.
رووداوى وه‌رزشى: ئایا ئیداره‌ى یانه‌ى هه‌ولێر جیاوازى ده‌كات له‌ نێوان یاریزاناندا، به‌تایبه‌ت كورد و عه‌ره‌ب؟
دیدار حامد: پێویست ناكات باس له‌ بوونى جیاوازى بكه‌م، هه‌موو هانده‌رانیش هه‌ست به‌و جیاوازییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ نێوان یاریزانانى كورد و عه‌ره‌بدا ده‌كه‌ن.
رووداوى وه‌رزشى: جه‌لیل زێدان جیاوازى ده‌كرد له‌ نێوان ئێوه‌ وه‌ك گۆڵچییه‌كان؟
دیدار حامد: نه‌خێر هیچ كات ئه‌وه‌م له‌ جه‌لیل زێدان نه‌بینیوه‌.
رووداوى وه‌رزشى: هیچ گرێبه‌ستێكت بۆ هاتووه‌ له‌ یانه‌كانى به‌غدا، بۆچى نه‌چوویته‌ ئه‌و یانانه‌ و چوویته‌ زاخۆ؟
دیدار حامد: خۆتان باش ده‌زانن بارى ئاسایشى شارى به‌غدا خراپه‌، بۆیه‌ نه‌متوانى له‌ شارى به‌غدا یارى بكه‌م، من و یانه‌ى زاخۆش زۆر نزیك بووین، زاخۆ بۆ من باشترین یانه‌یه‌.
رووداوى وه‌رزشى: كێ هۆكاربوو كه‌ تۆ و یانه‌ى سلێمانى نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن؟
دیدار حامد: ساڵح رازى راهێنه‌ر.
رووداوى وه‌رزشى: هه‌ست ناكه‌ى وه‌رزشى كوردستان قورخكراوه‌ له‌لایه‌ن وه‌رزشكارانى عه‌ره‌ب به‌ راهێنه‌ر و یاریزانانه‌وه‌؟
دیدار حامد: به‌ڵێ زۆریش، به‌ڵكو هه‌ست به‌ زینده‌به‌چاڵكردنى وه‌رزش ده‌كه‌م له‌ كوردستان له‌ سایه‌ى عه‌ره‌بدا.
رووداوى وه‌رزشى: چیت ماوه‌ له‌ یانه‌ى هه‌ولێر؟
دیدار حامد: نرخى گرێبه‌ستى ساڵى رابردووم وه‌رنه‌گرتووه‌، هیچ كات باسیشم نه‌كردووه‌ تا قه‌یرانى دارایى باش ده‌بێت.
رووداوى وه‌رزشى: ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌؟
دیدار حامد: زۆر سوپاس بۆ (رووداوى وه‌رزشى)، هیوادارم هیچ هانده‌رێك به‌ هه‌ڵه‌ له‌ دیدار نه‌گات، چونكه‌ مافێكى سروشتى خۆمه‌ بچمه‌ یانه‌یه‌ك تواناكانى خۆم له‌گه‌ڵیدا بسه‌ڵمێنم. كه‌ له‌ یانه‌ى هه‌ولێریش رۆیشتووم ده‌ستخۆشه‌یه‌كى یه‌كجار زۆرم بۆ هاتووه‌.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە