مۆرینیۆ: مێركاتۆ بۆ ئێمه‌ كۆتاییهات و ئێمه‌ ئاماده‌ین

09-08-2018
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
نیشانەکردن مۆرینیۆ لێسته‌ر سیتی مانچێسته‌ر یونایتد پرێمه‌رلیگ
A+ A-

رووداو – هه‌ولێر

خۆزێ مۆرینیۆ به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ریی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد دووپاتیكرده‌وه‌، هیچ یاریزانێكی دیكه‌ ناهێننه‌ تیپه‌كه‌یان و سه‌باره‌ت به‌ تیپه‌كه‌ی ئه‌و، ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان داخرا.

مۆرینیۆ له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی پێش یاریی سبه‌ی تیپه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر لێسته‌ر سیتی له‌ ده‌ستپێكی وه‌رزی نوێی پرێمه‌رلیگدا، گوتی: "ئێمه‌ بۆ یاریی سبه‌ی ئاماده‌ین، هه‌روه‌ها ئالێكسیس سانچێز به‌ شێوه‌یه‌كی باش له‌ قۆناخی ئاماده‌كاری له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ تیپه‌كەدا ده‌ركه‌وتووه‌".

گوتیشی: "ئه‌و یاریزانانه‌ی‌ دووشه‌ممه‌ی  رابردوو په‌یوه‌ندییان به‌ تیپه‌كه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، سبه‌ی به‌رامبه‌ر لێسته‌ر سیتی یاریی ناكه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ی یاریزانانی دیكه‌ بۆ تیپه‌كه‌ی، سپێشه‌ڵ وه‌ن ئاشكرایكرد "به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی خۆم، ئێمه‌ هیچ گرێبه‌ستێكی دیكه‌ ئه‌نجامناده‌ین و پێموایه‌ پێویست ناكات بیر له‌ بازاڕی گواستنه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌".

سبه‌ی له‌ ده‌ستپێكی وه‌رزی نوێی پرێمه‌رلیگدا یاریی كردنه‌وه‌ له‌ نێوان مان یونایتد و لێسته‌ر سیتی ده‌كرێت.

 مان یونایتد و لێسته‌ر سیتی


مۆرینیۆ سه‌باره‌ت به‌ یاریی سبه‌ی گوتی: "یاریی سبه‌ی زۆر گرنگه‌، باشتر بوو دوو رۆژ دوابخرایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی باشترین ئاماده‌بین، چونكه‌ قۆناخی ئاماده‌كارییمان قورس بوو، به‌ ساده‌ییش ده‌ڵێم، هه‌موو یاریزانه‌كانمان ئێستا ئاماده‌نین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی دروست كاربكه‌ین".
به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ریی مان یونایتد هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد: "رۆمێرۆ، ڤالێنسیا، دالۆ، رۆخۆ، ماتیچ و هێرێرا سبه‌ی یاریی ناكه‌ن".

 مۆرینیۆ كه‌ هه‌میشه‌ لێدوانی سه‌رنجڕاكێش ده‌دات و به‌ ناڕاسته‌وخۆ هێرشده‌كاته‌ سه‌ر ركابه‌ره‌كانی، هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ندێك به‌ جۆرێك سه‌یری ئێمه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ وه‌رزی رابردوو پله‌ی دووه‌ممان به‌ده‌ستهێنا، واده‌زانن ئێمه‌ له‌ پرێمه‌رلیگ دابه‌زیوین، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له‌ ریزبه‌ندیدا له‌ دواوه‌ی ئێمه‌ن، خۆیان به‌ سه‌ركه‌وتوو به‌سەر ئێمەدا‌ ده‌زانن، به‌ڵام من هه‌ستده‌كه‌م بردنه‌وه‌ی پله‌ی دووه‌می وه‌رزی رابردوو بۆ مانچێسته‌ر، یه‌كێك له‌ باشترین ده‌ستكه‌وته‌كانم بوو".

مۆرینیۆ له‌ باره‌ی پلانی تیپه‌كه‌ی بۆ یارییه‌كانی داهاتوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "له‌ چوار گه‌ڕی داهاتوودا چاوم زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و یاریزانانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌به‌رده‌ستن و ئاماده‌ن، تاوه‌كو ئه‌وانی دیكه‌ش ئاماده‌ ده‌بن و تیپه‌كه‌ تۆكمه‌ده‌بێت.

یاریی ده‌ستیپێكی وه‌رزی نوێی پرێمه‌رلیگ له‌ نێوان مانچێسته‌ر یونایتد و لێسته‌ر سیتی، سبه‌ی شه‌و كاژێر 22:00 له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئۆلترافۆرد له‌ مانچێسته‌ر ده‌كرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە