نیمار ده‌بێت بچێته‌ ریال مه‌درید

08-10-2015
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن نیمار
A+ A-

واگنه‌ر ریبیرۆ، بریكاری نیمار دا سیلڤای ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلی پێشنیازی بۆ نیمار و باوكی كردووه‌، پاره‌كانیان له‌ به‌رازیل بكێشنه‌وه‌و نیماریش بچێته‌ ریزه‌كانى ریال مه‌درید، بۆ ئه‌وه‌ی چیدی رووبه‌ڕووی به‌دواكه‌وتن نه‌بنه‌وه‌.

ریبیرۆ، له‌ وتارێكدا له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نستاگرام نووسیویه‌تى "نیمار.. پاره‌كانت ببه‌و بینێره‌ بۆ به‌هه‌شتی دارایی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی.

 بۆ ئه‌وه‌ی چیدی له‌ به‌رازیل باج نه‌ده‌یت. كۆمپانیاكانت و په‌یمانگه‌ی برایا گراندی داخه‌و چێژ له‌ ژیانت له‌سه‌ر كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست وه‌رگره‌". ریبیرۆ له‌و وتاره‌یدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ ده‌كات، كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ى دادگای به‌رازیل سه‌روه‌ت و سامانه‌كانی نیماری بلۆككردووه‌ "هۆكاری ئه‌و به‌دواكه‌وتنه‌ی نیمار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ پێیباشبوو بچێته‌ بارسێلۆنا له‌ جیاتی ریال مه‌درید، رازی نه‌بوو گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ دوو رۆژنامه‌نووس بكات كه‌ ده‌یانویست وه‌ك راوێژكاری ئه‌و كاربكه‌ن و پشتیوانی له‌ پاڵێوراوی دۆڕاو له‌ هه‌ڵبژارده‌نه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی به‌رازیل كردووه‌". 

هه‌روه‌ها ریبیرۆ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ نیمار بووه‌ته‌ قوربانی پیلانێك له‌لایه‌ن هه‌ندێ كه‌رتی یانه‌ی بارسێلۆنا، ریبیرۆ ئامۆژگاری باوكی نیماری كرد رێگه‌ به‌ كوڕه‌كه‌ی بدات چه‌ندین ساڵ له‌ ئه‌وروپا یاری بكات و هه‌ر له‌وێش كۆتایی به‌ كاروانی وه‌رزشی بهێنێت، باشتر وایه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ریال مه‌درید بێت. 

ریبیرۆ، پێیوایه‌ باوكی نیماریش له‌لایه‌ن هه‌ندێك رۆژنامه‌و هاوڕێی مه‌راییكه‌ر دووچاری به‌دواكه‌وتن هاتووه‌و نووسیویه‌تى " ئه‌گه‌ر تۆ به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز كاره‌كانت ئه‌نجامدا، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ پیاوانی كار و مه‌راییكه‌ران به‌شه‌ڕ نه‌هاتی، له‌ كۆتاییدا خۆی له‌ ریال مه‌درید ده‌دۆزییه‌وه‌ (ئه‌وكاته‌ی نیمار به‌ منداڵی له‌ ریال مه‌درید تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌رگرتنی بۆ كرا)، كه‌ ده‌بووه‌ خاوه‌ن ره‌گه‌زنامه‌ی ئیسپانی، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ویژدانت رێنوێنیت ده‌كات و ئه‌و كه‌سانه‌ش به‌دوات نه‌ده‌كه‌وتن". 

داواكاری گشتی به‌رازیل داوای بڕی نزیكه‌ی 16 ملیۆن دۆلار وه‌ك باج له‌ نیمار ده‌كات، كه‌ له‌ ماوه‌ی نێوان 2011 و 2013 ئاشكرا نه‌كراوه‌. ئه‌مه‌و دادگا بڕیاریداوه‌ به‌ به‌های %150 له‌ پاره‌ی باج سه‌ره‌وه‌ت و سامانی نیمار بلۆك بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ناچاربێت بڕه‌ پاره‌كه‌ بدات، له‌گه‌ڵ ئه‌و سوود و سزایانه‌ی له‌ هه‌ڵاتن له‌ دانی باج ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌سته‌واره‌ی گواستنه‌وه‌ی نیمار له‌ یانه‌ی سانتۆسی به‌رازیلییه‌وه‌ بۆ بارسێلۆنای ئیسپانی.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە